ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ توركیا ده‌كات كۆتایی به‌ «باری نائاسایی» بێنێت

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوا لە تورکیا ده‌كات بارودۆخی نائاسایی له‌ ناوخۆی توركیا هەڵگرێت و کۆتایی به دەستبەسەرکردن و گرتنی خەڵک بێنێت.

هێزه‌ر نائۆرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا، لە کۆنفڕانسی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکه‌یدا ڕایگەیاند؛ ئەوان لە نیزیکەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی «تانەر كلچ، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری لقی توركیای ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی» و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامه‌وانان، چالاکانی کۆمەڵگەی سیڤیل و سیاسەتوانانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن.

نائۆرت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ ئەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە بارودۆخی نائاساییه‌وه‌ لە تورکیا، زیانێكی زۆری به ئازادیی بیروڕا گه‌یاندووه‌. هه‌روه‌ها وتیشی زۆر به‌گومانن دەربارەی سەربەخۆیی دادگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و مسۆگه‌ری دادگه‌یی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ چوارچێوەی ده‌ستووری تورکیادا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا، داوای لە تورکیا کرد دەستبەرداری سەپاندن و درێژکردنەوەی بارودۆخی نائاسایی بێت و ئەو زیندانییانه‌ش ئازاد بكات كه‌ بە هەرەمەکی ده‌ستگیركراون. هەروەها داواشی کرد تورکیا بەرپرسیارێتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی پێک بێنێت و یاساکانی تایبەت به ماف و ئازادییەکان بپارێزێت.

هێزه‌ر نائۆرت ڕاشیگه‌یاند؛ ئه‌گه‌ر ڕیكس تیله‌رسن-ی وەزیری دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا سەردانی تورکیا بكات، وه‌ك هه‌میشه‌ ئەو نیگەرانیانه‌ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وه‌ڵاته‌ باس دەکات.

 

ش. م