ئه‌مه‌ریكا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایه‌وه‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا ئەمڕۆ کشانەوەی وه‌ڵاتەکەی لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد توندترین سزا بەسەر حکوومەتی ئێراندا دەسەپێنن.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە وتەیەکدا كه‌ له‌ کۆشکی سپی پێشكه‌شی كرد، کشانەوەی ئه‌مه‌ریكای لە ڕێککەوتنە ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌و گەمارۆیانه‌ی کە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن، وه‌ڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە کە دەستیان لە گەڵ ئەو وه‌ڵاتەدا تێکەڵکردووە. گوتیشی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکرابوو، ڕێگەی بە تاران داوه‌ کە لەسەر پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.

 لە بەشێکی دیكه‌ی قسه‌كانیدا دۆناڵد تره‌مپ ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ڕێککەوتنەکە بواری دا بە ئێران ملیۆنان دۆلار داهات بۆ خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لە ناوخۆی وه‌ڵاتەکەیدا بەکاری نەهێنێت. ڕوونیکردەوە كه‌ لە دوای ڕێککەوتنەکەوە، داهاتی ئێران لە ٤٠% زیادیکردووە و کاریکردووە لەسەر دروستکردنی موشەکی ئەتۆمی و دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

ترەمپ جەختیکردەوە ئێران لەڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا چەکی ئەتۆمی دروستبکات. هاوکات ده‌ستنیشانی كرد كه‌ ڕێککەوتنەکە نەبووەتە هۆی سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران، بەڵکو بەردەوام بووە لە دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و پشتیوانی لە ڕێکخراوە «تیرۆریستییەکان».

سەرۆکی ئەمه‌ریکا ڕاشیگه‌یاند، بە چوونە دەرەوەیان لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان گفتوگۆ دەکەن بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و بەردەوام. باسی لەوەش کرد، وا پێویست بوو کە ڕێککەوتنەکە بنیاتنەرانە بێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ئەمڕۆ بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەر دەستدایە کە بەڵێنەکانی ئێران درۆ بوون، ڕێککەوتنەکە مەترسیدار بووە و نابێتە هۆی بەرپابوونی ئاشتی و ئارامی.

s.m