ئیتاڵیا؛ لەبەردەم کەنیسەکان ئەردۆغان شەرمەزار کرا

لەبەردەم کەنیسەکانی ئیتاڵیا، هێرشەکانی سوپای تورکیا و ئەردۆغان له‌سه‌ر عه‌فرین شەرمەزار کران.

لە کەنیسەی سان تۆماسۆ-ی شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا، لە کاتی مه‌ڕاسیمی ئایینیدا، کۆمەڵێک گەنج به‌ چالاكییه‌ك سەردانەکەی ئەردۆغانیان بۆ ڤاتیکان شەرمەزار کرد.

خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند کە  هێرش و داگیرکاری سوپای تورکیا لە عەفرین دژی هەموو باوەڕە پیرۆزەکانە و ڕه‌خنەی تووندیان لە ڤاتیکان گرت بۆ بانگهێشت کردنی ئەردۆغان.

خۆپیشاندەران ئاماژەیان بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ لە عەفرین کورد، عەرەب، ئێزدی و مەسیحی پێکەوە لە کەشێکی دێمۆكراتیدا ده‌ژین، به‌ڵام ئێستا هەموو جیهان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین بێ دەنگن و سەیر ده‌كه‌ن.

له‌ چالاكییه‌كه‌دا وێنه‌ كاریكاتێره‌كانی ئه‌ردۆغان کە دەستی خوێنی لێ ده‌چۆڕێت پیشان دران. هه‌روه‌ها چالاكان دروشمی «ئێمە ده‌ست له‌ عەفرین بەرنادەین»یان گوته‌وه‌ و دروشمه‌كه‌ بووه‌ به‌ مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامەکانی ئیتاڵیا.

 

ش. م