ئیسپانیا بووەتە رێڕەوى نوێى قاچاخچێتى بە کۆچبەرانەوە

دواى ئەوەى ئیتالیا سنوورەکانى بە رووی کەشتیى کۆچبەراندا داخست، بۆ ئەو کۆچبەرانەى کە دەیانەوێت لە رێگاى قاچاخەوە بگەنە رۆژئاواى ئەوروپا، ئیسپانیا بووەتە رێگایەکى نوێ.

بەرپرسانى ئیتالیا مانگى حوزەیران رایانگەیاند، سنوورەکانیان بەڕووی کەشتیى ئەو کۆچبەرانەدا دادەخن، کە بە دەیانەوێت بە قاچاخ بگەنە ئیتالیا و ئەوروپا. لە دواى ئەوە ئەو کەشتیانەى کە کۆچبەرانیان لە لیبیاوە هەڵگرتووە، روویان لە سنوورەکانى ئیسپانیا کردووە.

تا ئێستا کەشتییەکەى هەڵگری ٣٠ کۆچبەر گەیشتووەتە کەنار ئاوەکانى تاریفا لە ئیسپانیا. بەپێى ئەو دیمەنانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، زۆربەى ئەو کۆچبەرانە پیاون و لە دۆخێکى خراپدان.

پێشتر کۆچبەران لە رێگەى هەنگاریا و کرواتیاوە روویان لە ئەوروپا دەکرد، بەڵام لە دواى ئەوەى وڵاتانە سنوورەکانیان بەڕووی کۆچبەراندا داخست، کۆچبەران روویان لە ئیتالیا کرد. بەهۆى بڕیارى حکومەتى رۆما بۆ وەرنەگرتنى پەنابەرانەوە، ژمارەی ئەو پەنابەرانەى لە دەریاى سپیى ناوەڕاستدا گیانیان لە دەستدا و لە ئاودا خنکان رووی لە زیادبوون کرد.

لە دواى ئیتالیا و بەرزبوونەوەى رێژى ئەو کۆچبەرانەى روو لە سنوورەکانى ئیسپانیا دەکەن، بەرپرسانى مەدریدی خستوەتەوە نیگەرانییەوە، چونکە بەپێى ئامارەکان تاوەکو ناوەڕاستى مانگى تەمووز ١٨ هەزار کۆچبەر لە دەریاى سپییەوە روویان خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا. ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٣ هێندە زیادیکردووە.

بانگەشەى ئەوە دەکرێت زیاتر لە ٥٠ هەزار کۆچبەر لە فاس چاوەڕێ پەڕینەوەن

بەپێى ئەو زانیارییانەى لەلایەن پۆلیسى ئیسپانیاوە بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار کۆچبەری ئەفریقی دەیانەوێت لە رێگەى قاچاخەوە خۆیان بگەیەنن ئیسپانیا و ئەو کۆچبەرانەش لە شاری فاسی مەغریب چاوەڕێى پەڕینەوەن.

راگەیاندرا، تەنها رۆژی هەینى ٦٢٧ کۆچبەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون. لە چەند هەفتەى رابردوشدا رۆژانە ٥٠٠ کۆچبەر لەلایەن تیمەکانى پۆلیسى ئیسپانیاوە دەستگیردەکرێن.

رێکخراوەکانى بواری کۆچ و کۆچبەران رایانگەیاندووە، ئەو پەنابەرانەى لە ئیسپانیا دەستگیرکراون لە دۆخێکى  خراپدا راگیراون. هەروەها لە کەمپەکاندا شوێن بۆ راگرتنى پەنابەران نەماوە و داوا لە حکومەتى ئیسپانیا کراوە بە خێرایى رێوشوێنى پێویست بگرێتە بەر.

ر.م