"ئیمە یادی هەڵوێستەکەی جزیر دەکەینەوە و بێدەنیگیش بەشداربوونە لە کۆمەڵکوژیدا"

لەیلا ئیمرەت هاوسەرۆک شارەوانیى جزیر لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بۆ عەفرین مانى لە خواردن گرتووە. وتى "ئیتر دەبێت ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەست لە نیگەرانی هەڵگرن و لە دژى داگیرکارییەکانى ئەردۆغان هەڵوێستێکى ڕوونیان هەبێت. ئەردۆغان

 

مانگرتن لە خواردن لە بەردەم بارەگای نەتەوەى یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە پێشەنگایەتیى پەرلەمانتارانی هەدەپە و هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپە لە شەشەمین ڕۆژدایە. مانگرتنەکە بۆ ئەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژى داگیرکەری دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى بۆ سەر عەفرین هەڵوێستێکى روونیان هەبێت.

لەیلا ئیمرەت هاوسەرۆک شارەوانیى جزیر یەکێکە لە مانگرتووەکان. لەیلا لە کاتى بەرخۆدانى جزیر و خۆبەڕێوەبەریى جزیردا، لە جزیر هاوسەرۆک شارەوانى بوو. ئەو بووە شایەتحاڵى ئەو کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورکیا، کە بەرچاوى جیهانەوە لە جزیر ئەنجامیدا.

ئیمرەت بۆ ئەوەى ڕێگا لە کۆمەڵکوژییەکەى تورکیا بگرێت چەندین جار داواى ل نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەڵوێستى هەبێت و کار بکات بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژیى تورکیا لە جزیر، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هیچى نەکرد و ئەوەش تا ئێستا لە دڵیدا بووەتە ناسۆرێک. ئیمرەت کە ئەوکات لە جزیرەوە بانگەوازى دەکرد، ئێستا لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکى ئەنجام دەدات و دەیەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ نەبن بەرامبەر بە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفرین.

لەیلا ئیمرەت وتی، قۆناغەکە و کۆمەڵکوژییەکە لە جزیرەوە گەیشتووەتە عەفرین. لەبارەى کۆمەڵکوژیى جزیر تاوەکو عەفرین قسەى بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات کرد.

بێدەنگیى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووقایمى کردن و لە جزیر کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا

ئیمرەت وتى "بەڵێ، ئێمە لە نزیکەوە شایەتحاڵى کۆمەڵکوژییەکەى جزیر بووین. کاریگەرترین و دژوارترین دۆخیش کە منى گەیاندە ئەم چالاکییە، هەر ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، کە لە جزیر بەسەرماندا هات. کاتێک دەوڵەتى تورک لە جزیر خۆی بۆ کۆمەڵکوژى ئامادە دەکرد، من وەک هەڵبژێردراوى گەل زۆر جار داوام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕێگرى لەو کۆمەڵکوژییە بکەن، بەڵام بە داخەوە بێدەنگییان هەڵبژارد. نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتى کۆمەڵکوژکردنى گەلەکەمان لە جزیر هیچ هەڵوێستێکى نەبوو، بۆ ئەوەش گەلەکەمیان کۆمەڵکوژکرد. کاتێک لە جزیر وەحشیگەری ژێرزەمنینەکان ڕوویدا، دیسانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نقەى لێوە نەهات. لەبەر ئەوە لەو کاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان گوێى لە داواکانى ئێمە نەگرت، دەوڵەتى تورکیا کۆمەڵکوژییەکەى ئەنجامدا، بەڵام ئەگەر لەو کاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکى خۆى هەستایە دەیتوانى ڕێگرى بکات لە کۆمەڵکوژییەکەى جزیر".

"ئەو دەوڵەتە لە جزیرەوە دەناسین و لەبەر ئەوەش لێرەین"

ئیمرەت وتیشى "ئێمە بە کردارەکانى دەوڵەتى تورکیا لە جزیر باش لەوە تێگەیشتووین، کە ئەو دەوڵەتە دەتوانێت چ جۆرە کۆمەڵکوژییەک لە عەفرین ئەنجام بدات. سەربارى هەموو بانگەوازەکانمان بۆ پێشگرتن لە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى جزیر، بەڵام نەمانتوانى ڕێگرى لەو کۆمەڵکوژییە بکەین. بەڵام ئێستا ئێمەى شایەتحاڵى کۆمەڵکوژییەکەى جزیر لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکانداین و دەڵێین، ئەو دەوڵەتە (تورکیا) باش دەناسین. ئەگەر ئێوە نەجوڵێن و بە ئەرکى خۆتان هەڵنەستن، ئەوە خراپتر لە جزیر بەسەر عەفریندا دەهێنێت. ئێوە بوونە هۆى ئەوە لە جزیر کۆمەڵکوژ بکرێین، بەڵام ڕێگا مەدەن لە عەفرین کۆمەڵکوژی بکرێت. کوشتنى هاووڵاییانى جزیریان بەلاوە کەم بوو و شارەکەشیان سوتاند. هەوڵیشیاندا دیمۆگرافیاى جزیر بگۆڕن، بەڵام گەلی جزیر ڕێگاى بەوە نەدا. گەلەکەمان لەسەر داروپردوى خانووە ڕووخاوەکانیان مانەوە و نەیانهێشت ئەردۆغان چەتەکانى خۆى لە جزیر نیشتەجێ بکات".

"گەلی عەفرین هەڕەشەى کۆمەڵکوژکردنى لەسەرە"

ئیمرەت ئەوەشى وت "ئەو سوپایە، کە جزیرى خاپوور کرد و سوتاندنى، ئێستا هەمان شت بەسەر عەفریندا دەهێنێتەوە. ئەگەر ئەو هێزەى لەوێ بوو و بە مەبەستى پاراستنى هاووڵاتییان، گەلی عەفرینی لە شارەکە نەبردایەتە دەرەوە، ئەوا دەوڵەتى تورک بە هێرش و بۆردومانى ئاسمانى هەموو ئەو گەلەى دەکوشت. بەڵام ئێستاش هەڕەشەى کۆمەڵکوژکردن لەسەر گەلی عەفرین هەیە و ئەو مەترسییە بەردەوامە".

"نەتەوە یەکگرتووەکان با شاندێکى چاودێر بنێرێت بۆ عەفرین"

ئیمرەت باسى ئەوەشیکرد "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات لەگەڵ مەترسیى کۆمەڵکوژکردنى گەلی عەفریندا بە ئەرکى خۆى هەڵنەستیێت. ئەوا کورد ئیتر نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ ناکات. ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان هەڵوێست، کە بۆ جزیر هەیبوو لە عەفرین دووبارەى بکاتەوە، ئەوا دووبارە دەببێتەوە بە هاوکار و هاوبەش بۆ کۆمەڵکوژکردنى کوردان. سەیر بکەن، ئێستا گەلی عەفرین پێویستى بە هاوکارییە و بەهۆى ڕێگرییەکانەوە ناتوانێت پێداویستییە مرۆییەکانى دابین بکات. ئەو مرۆڤانە دەیانەوێت لە ژێر چاودێریى نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگە. باشە مەگەر ئامانجى سەرەکیى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە نییە، کە هاووڵاتیان و کەسانى مەدەنى بپارێزێت و پێداویستییەکانیان دابین بکات؟ داواى سەرەکیى ئێمەش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوانەکردنى شاندێکە بۆ پێشگرتن لە کۆمەڵکوژکردن و مەترسییەکانى کۆمەڵکوژکردن و هەروەها ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دۆخى عەفرین و ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجامدراون".

ئیمرەت ئەوەشى خستەڕوو "ئامانجى سەرەکیى دەوڵەتى تورک ئەوەیە، کە چەتەکانى داعش لە عەفرین نیشتەجێ بکات، بۆیە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان بە خێرایى بجوڵێنەوە و ڕێ لەو پلانەى دەوڵەتى تورک بگرن. ئەردۆغان تۆڵەی ئازاری تێکشکاندنى داعشی لە کۆبانێ، لە جزیر، سور و شارە کوردییەکانى باکوور کردەوە. هەر چەند کۆمەڵکوژیى ئەنجامدا، بەڵام گەلەکەمان سەری بۆ دانەنەواند. ئەردۆغان بە هێرشکردنە سەرعەفرین و داگیرکردنى دەیەوێت داعش لە عەفرین زیندوو بکاتەوە و لە عەفرین نیشتەجێیان بکات. ئەوانەى کە پێیان دەڵێن سوپاى ئازادى سوریا، پاشماوەی چەتەکانى داعشن. ئێمە بۆ ئەوەى ئەم شتانە بخەینەڕوو، دەستمان کردووە بە مانگرتن".

"دەبێت لە دژى داگیرکارى هەڵوێستێکى ڕوون هەبێت، یان ..."

ئیمرەت لە کۆتایدا وتى "بەپێى یاسا نێودەوڵەتییەکان دەوڵەتى تورک لە عەفرین داگیرکەرە، بۆیە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتى تورک لە عەفرین دەربکەن. ئەگەر تورکیا دەرنەکرێت، تورکیا ناوەندى تیرۆر لە عەفرین دروست دەکات و نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو ئەوروپا و جیهان دەبێتە هەڕەشە. هێرشەکانى ئێستا لە فەڕەنسا بە باشى ئەوە دەردەخات، کە داعش هێشتا بۆ ئەوروپا هەڕەشەیە. بەڕاستى ئەگەر بەر بە ئەردۆغان نەگیرێت، داعش چەندین کۆمەڵکوژیى تری هاوشێوەى ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجام دەدات. دەبێت ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەست لە نیگەرانى هەڵبگرن و لە دژى داگیرکاریى ئەردۆغان هەڵوێستێکى ڕوونیان هەبێت. ئەردۆغان لە مێژە دۆخى شەرمەزارکردنى تێپەڕاندووە و لەوە دەرچووە کە بە شەرمەزارکردن ڕابوەستێنرێت. ئەم مانگرتنە بۆ ئەوەیە، سەرنجەکان بخەینە سەر ئەوەى، کە خەریکە ڕوو دەدات. ئەگەر گوێ لە داواکانمان نەگرن، ئەردۆغان دەبێتە بەڵا و زیان بۆ سەر هەموان".

ر.م