ئێران خرایە لیستى رەشی بانکی ناوەندیى چین

بانكی ناوەندیی چین وڵاتی ئێرانی بەهۆی پێبەندنەبوون بە یاساکانى هێزى کاری کردارە داراییەکان (فاتف - FATF) خستە ریزی ئەو وڵاتە زۆر مەترسیدارانەوە، کە ئەنجامدانى کاری بازرگانى و ئاڵوگۆڕى دراو لەگەڵیاندا مەترسیدارە.

هێزى کاری کردارە داراییەکان (فاتف - FATF) رێکخراوێکى نێودەوڵەتییە بۆ پێشگرتن لە سپیکردنەوە و ئاڵۆگۆڕی نایاسایى دراو دروستکراوە. فاتف ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن گروپى جی ٧ دامەزراوە و بارەگاکەى لە پاریسی پایتەختى فەرەنسایە.

بانکى ناوەندیى چین بەهۆی پێبەندنەبوونی ئێران بە یاساکانى فاتف-ەوە ئێرانى خستووەتە لیستی ئەو وڵاتە مەترسیدارانە، کە ئەنجامدانى کارى بازرگانى لەگەڵیاندا زۆر مەترسیدارە.

بەپێى یاساکانى فاتف نابێت هیچ یەک لە وڵاتانى ئەندام لەو گروپەدا کاری نایاسایى بەشێوەى سیستماتیک بۆ سپیکردنەوەى پارە،  ئاڵوگۆڕی نایاسایى دراو، دابینکردنى سەرچاوەى دارایى بۆ گروپە تیرۆریستییەکان ئەنجام بدات.

حکومەتى ئێران بەهۆی سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاواوەوە چەندین ساڵە گومانى لەسەرە، کە کاری نایاسایى ئاڵوگۆڕى دراو و سپیکردنەوەى پارە و دابینکردنى پارە بۆ گروپە چەکدارە توندڕەوەکانى نزیک لە خۆی ئەنجام دەدات.

بەهۆی سزا ئابوورییەکانى سەر ئێرانەوە، دەوڵەتى تاران نەیدەتوانى پارەى فرۆشتنى نەوت لە وڵاتانى ترەوە بەشێوەى یاسای و لە رێگە بانکەکانەوە بگوێزێتەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەى و بۆ ئەوەى دەستى بە پارەى فرۆشتنى نەوتەکەى بگات شێوازی نایاسایى و کۆمپانیای وەهمی و شێوازى تری گواستنەوەى نایاسایى پارەى ئەنجامداوە.

یەکێک لە دیارترین دۆسییەکانى کاری ئاڵۆگۆڕی نایاسایى دراو و کاری بازرگانی و سپیکردنەوەی دراو لەلایەن ئێرانەوە کارکردن بوو لەگەڵ هاڵک بانکى تورکیا و رەزا زەراب و محەمەد ئاتیلا لە تورکیا و چەندین کۆمپانیاى وەهمی تر.

رژێمى ئێران جگە لە شێوازە یاساییەکان، زیاتر لە ١٥ ساڵە شێوازى ئاڵوگۆڕی دراو و کارى بازرگانیى نایاسایى و سپیکردنەوەى پارە لە قەبارەیەکى بەرزدا ئەنجام دەدات و زۆربەى ئەو کارانەش لەلایەن کۆمپانیا بازرگانى و داراییەکانى سوپاى پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت.

سوپاى پاسداران لەلایەن وڵاتانى رۆژئاوا و ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە  چەک و پارە بۆ گروپە تیرۆریستییەکانى سەر بەخۆی لە وڵاتانى تر دابین دەکات و تۆمەتباریشی دەکەن بەوەى لە کارى بازرگانى بە ماددەهۆشبەرەکان گلاوە و لەبەر ئەوەش چەندین بەرپرس و کۆمپانیای سوپاى پاسداران خراونەتە لیستى سزا نێودەوڵەتییەکانەوە.

بەهۆی پێشێلکارییەکانى ئێران و دەستێوەردان لە وڵاتانى تر و هەوڵدان بۆ دروستکردنى چەکى ئەتۆم ئێران چەندین سزاى ئابووری و سەربازی و پیشەسازیى بەسەردا سەپێنراوە و بەهۆی ئەو سزایانەشەوە گەلانى ئێران تووشی نەهامەتى و ناڕەحەتییەکى بێسنوور بوون.

ر.م