ئەمریکا سزای بەسەر ١٧کارگەی پۆڵاو ئاسنی ئێراندا سەپاند

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایانگەیاند، کە سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، سزاکانیش هەشت کەسایەتی و ١٧ کارگەی پۆڵاو ئاسن دەگرێتەوە، بەوتەی ئەو دوو وەزیرەش، ڕێگا لە چوونی ملیاران دۆلار دەگرن بۆ ئێران.

وەزیرانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشیان لەبارەی سەپاندنی سزا نوێکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بەڕێوەبرد.

ستیڤ مەنووچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: سزاکانمان لەسەر ئێران بەردەوام دەبن تا تاران مامەڵەی خۆی دەگۆڕێت، لەوچوارچیوەیەشدا سزای دیاریکراو بەسەر ١٧ لە کارگە گەورەکانی پۆڵا و ئاسنی ئێران دەسەپێنین، بەهۆی ئەو سزایانەش ڕێگە لە ناردنی ملیاران دۆلار بۆ ئێران دەگیرێت.

هەر لە کۆنگرەکەدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: هەشت فەرماندە و کەسایەتی ئێران سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەوەش لەبەرامبەر کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی و هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لەعێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئەرکی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی داعش لە عێراق بەردەوامدەبێت.

سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکەش، پۆمپیۆ جەختیکردەوە"پێمان وایە فڕۆکە ئۆکرانیەکە بە مووشەکی ئێرانی خراوەتەخوارەوە، بەڵام بۆ هەر هەنگاوێک دژی تاران چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەین.

ب.ش