ئەمریکا: لە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر عەفرین نیگەرانین

دەوڵەتی ئەمریکا لە جێی ئەوەی بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین هەڵوێستێکی ڕوون بنوێنێت، تەنها بە وتنی "جێگەی نیگەرانییە" و "کاریگەریی لەسەر شەڕ دژی بە داعش دەبێت" دووپات کردەوە.

لە چوارچێوەی دانیشتنی لیژنەى هێزە چەکدارەکان بۆ دیاریکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٩، ژۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی هێزە ناوەندییەکانی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری سیناتۆرەکانی دایەوە.

ڤۆتێل ڕایگەیاند، نیگەرانن لە کاریگەریی درێژخایەنی هێرشی داگیرکارانەی تورکیا بۆ سەر عەفرین. ئەوە کاریگەریى لەسەر شەڕی دژ بە داعش دروستکردووە.

جەنەڕاڵ ڤۆتێل ڕاشیگەیاند، کە ٩٨٪ ئەو خاکەی لە چنگی داعش ڕزگارکراون لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕزگارکراون.

لە بارەی دۆخی ڕووسیاشەوە وتی: لە نێوان یەپەگە و تورکیا دا، ڕووسیا ئاگری شەڕ هەڵدەگیرسێنێت.

ئەوەشى وت، هێشتا زووە، کە بڵێین ئەسەد لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتووە، چونکە ئۆپۆزسیۆن ئێستاش هێزێکی مەترسیدارن بۆ ئەسەد.

ر.م