ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی کوبا ئاشکرا دەکرێت

وەڵاتی کوبا کە لەساڵی ١٩٥٩ لە کاتی شۆڕشی دا لە لایەن فیدل کاسترۆ و باشان ڕائۆل کاسترۆی برای بەڕێوەدەچێت.پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٦٠ ساڵ بە سەر دەسەڵاتداریی برایانی کاسترۆدا، ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ کوبا دیاریدەکرێت.

ئەنجومەنی نەتەوەیی کوبا، میگل دایازکانلی وەک تەنیا کاندید بۆ جێگرەوەی ڕائۆل کاسترۆ دیاریکردووە، وابڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە بڕیاری کۆتایی خۆی لەو بارەیەوە دەربکات و سەرۆکی کوبا بگۆڕدرێت.

میگڵ دایازکانل، تەمەنی ٥٧ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٣-ەوە وەک جێگری سەرۆک کۆماری کوبا کاردەکات، چەندین ساڵە پێشبینی دەکرێت کە ناوبراو سەرۆکی داهاتووی کوبا بێت.

ڕائۆل کاسترۆ، سەرۆکی ئێستای کوبا، بە پێچەوانەی فیدلی برای نەک بە هۆی نەخۆشییەوە بەڵکو بە بڕیاری خۆی لە دەسەڵات دەچێتە دەرەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت، کە لە پاش نەمانی لە دەسەڵاتیشدا، لە ناو حزبی دەسەڵاتداری کوبادا وەک کەسایەتییەکی بەهێز بمێنێتەوە.