ئەمەریکا؛ هەڵوێستی ڕووسیا مەترسییە لەسەردەسکەوتەکانی شەڕی تیرۆر

وەزارەتی پاراستنی ئەمەریکا لە دژی وتەکانی ڕووسیا کە دەیەوێ ڕەوایەتی بدا بە داگیرکاریی تورکیا، سەرنجی خستە سەربەشی ڕووسیا لە ئاڵۆزییەکانی سووریادا وڕایگەیاند؛ ''دەبێ چاوی هەموولایەک لەسەر شەڕی داعش بێت".

 

لەبەرانبەرئەو وتانەی بەرپرسێکی ڕووسی کە وتبووی ، ئەمەریکا ٢٠بارەگای سەربازی لە سووریادا کردۆتەوە، پێنتاگۆن هاتە جواب و وەڵامی ڕووسیای دایەوە.

ڕووسیا مەترسی لەسەر دەسکەوتەکان درووست دەکات

دانا وایت، وتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە تەواوەتی سووریا و نەکوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی یارمەتیدەر بن. وایت، بە ئاماژە بە وتەیەکی ژێنراڵ ڤۆتێل، کە وتبووی "ڕووسیا هەم ئاگرەکە خۆش دەکا و هەمیش دەیکوژێنێتەوە"، وتی: ''هەوڵدانەکانی ڕووسیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریادا، مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش  لەو وڵاتەدا دەخاتە دروست دەکات و دەبێتە هەڕەشە لەسەر سەقامگیری نێودەوڵەتی".

وتەبێژەکەی پێنتاگۆن، دەڵێ؛ سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستیش شەڕ لە سووریا بەردەوامە و ئەوان کوشتنی خەڵکی مەدەنی مەحکووم دەکەن. وایت، وتی: ''ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین تەنیا چاویان لەسەر لەناوبردنی داعش بێت. ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە ئاڵۆزییەکانی سووریا کەم بکەنەوە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و هاووڵاتیانی بێ‌تاوان بپارێزن".

دانا وایت، داوای لە ڕووسیا-ش کرد کە سنوورێک بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دابنێت و لەشەڕی دژی تیرۆریزمدا هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بکات.

لە بەرانبەر وتەکانی ڕووسیادا، هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ ئەسەد، وەبیرخستەوە

وتەبێژەکەی پێنتاگۆن، لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا دەربارەی قسەکانی ڕووسیا کە وتبووی ئەمەریکا ٢٠بارەگای سەربازی لە سووریادا کردۆتەوە، وتی: ''با ڕووسیا چاو لە یارمەتییەکانی خۆی بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد بکات. ئێمە جارێکی دیکەش داوا دەکەین کە با هەموولایەک تەرکیز بخاتە سەر شەڕی داعش".

وایت، داواشی لە ڕووسیا کرد کە ئەرکی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە سووریادا پێک‌بێنێت و جارێکی دیکەش وەبیری خستنەوە کە هاوولاتیانی مەدەنی دەکوژرێن.