ئەڵمانەکان زۆربەیان لە ترەمپ و ئەردۆغان دەترسن

بەپێی راپرسییەک کە لە ئەڵمانیا کراوە، زۆربەی ئەو کەسانەی وەڵامی پرسیاری (لە کام سەرۆک دەترسن؟)یان داوەتەوە وتویانە، ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا.

رۆژنامەی بیڵد کە یەکێکە لە رۆژنامە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا، لەبارەی ترس و نیگەرانی ئەڵمانەکان راپرسییەکی بڵاو کردەوە، راپرسییەکە بە کۆمپیانیا ئینسا کراوە و ئەنجامەکانی لە ژمارەی ئەمرۆ دووشەممەی رۆژنامەی بیلد بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی راپرسییەکە ٤٢% بەشداربووانی راپرسییەکە نیگەرانن لەوەی گەرمایی ئاوهەوا ئاسایش و ئارامی جیهان خراپ بکات. ٣٨% بەشداران بۆ هەمان پرسیار وتویانە تیرۆریستی ئیسلامی، ٣٣% جموجۆڵی کۆچبەرانیان بە مایەی نیگەرانی دەزانن.

هەروەها ٢٥% بەشداربوان وتویانە کە ئەوان نیگەرانن لە حکومەتە راستڕەوەکان کە لە تەواوی جیهان لە دەسەڵاتن. ٢٠% تیشکیان خستوەتە سەر ئەو رووداوانەی لە ئەمریکا روودەدەن و شەڕی بازرگانی بەردەوامیی زلهێزەکان.

بۆ وەڵامی پرسیاری ئەوەی (لە کام سەرۆک دەترسن؟) وەڵامەکان سەرنجڕاکێش بوون. بەپێی ئەوەی ٨٠% بەشداران وتویانە ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ٧٥% وتویانە تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، ٧٣% وتویانە کیم جۆنگی سەرۆکی دەوڵەتی کۆریای باکور، ٦٣% ناوی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیایان هێناوە.

ز.ش