باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێستا کاتى ئاگربەستێکى نوێیە لە سوریا

نیکى هالی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە دانیشتنى ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە، بە شێوازێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە تەواوی سوریادا دەستبەکاربین.

 

ئەو وتانەی باڵیۆزەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە١٢مارس ٢٠١٨ / ٢١ رەشەممە، پرۆژە بڕیارێکی نوێی ئەمریکی دەربارەی ئاگربەست لە تەواوی خاکی سوریادا پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو.

نیکی ھالی لەو دانیشتنەدا ڕاشیگەیاندبوو، ئاگربەستی ژمارە ٢٤٠١ شکستی ھێناوە و دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش کار بۆ پرۆژە بڕیارێکی نوێ بکات، کە قابیلی پێشێلکردن نەبێت.

ھەروەھا ئەوەشی ڕوونکردبووە، ئەم پرۆژەیە بیانوی دەستێوەردانەکانی وڵاتان لە خاکی سوریادا بە ناوی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر ناھێلێت.

جگە لە پابەند نەبوونی سوپای سوریا و ڕووسیا بە بڕیاری ئاگربەستی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هاوشێوەى رووسیا و سوریا بڕیارى ئاگربەستەکە پێشێل دەکات و هێرشە داگیرکارییەکانى بۆ داگیرکردن و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى عەفرین بەردەوامە.

ر.م