بە ئەنجامدانی چالاکی هێرش و داگیرکاریى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرا
هێرشى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى بۆ سەر عەفرین لە چەند چالاکى و خۆپیشاندانى جەماوەریدا ئیدانەکرا.
هێرشى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى بۆ سەر عەفرین لە چەند چالاکى و خۆپیشاندانى جەماوەریدا ئیدانەکرا.
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارەکانی هانۆڤەری ئەڵمانیا، کریلى فەڕەنسا، پیزا و فلۆرانسى ئیتالیا، مێلبرنی ئوستورالیا و بارسلۆناى کەتەلۆنیا کۆبوونەوە و بە ئەنجامدانى چەندین چالاکى و خۆپیشاندانى جەماوەری، هێرش و داگیرکاریى تورکیا و چەتەکانى بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرا.
هانۆڤەر
لە شارى هانۆڤەرى ئەڵمانیا، بە پێشەنگایەتیى ڕێکخراوى بنەماڵەى شەهیدان (KOMAW) و ئەنجوومەنی ژنانى رۆناهی، چالاکییەک بۆ ئیدانەکردنی هێرشى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر و چەتەکانى بۆ سەر عەفرین ڕێکخرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە چالاکی و خۆپیشاندانەکەیاندا پۆستەرەکانی "من چیم بەسەر ئەڵمانیادا هێناوە"، "پاراستنى رۆژئاوا، پاراستنى شۆڕشى ژنە" بەرزکردبووە. هەروەها بە درێژایى چالاکى و خۆپیشاندانەکانیان دروشمەکانى "تانکەکانى ئەڵمانیا لە کوردستان بهێنرێنە دەرەوە" و "ئیوە عەفرین بە دەستى ئەردۆغانى سەلەفی دەخنکێن و کۆتایش بە تۆ هاتووە"، دەوتەوە.
کریل
لەلایەن پلاتفۆرمی خاوەنداریکردن لە عەفرین، کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى و رێپێوانێک لە شارى کریلى فەڕەنسا بۆ پشتیوانیکردن و خاوەنداریکردن لە بەرخۆدانى عەفرین بەڕێوەچوو.
لەو چالاکییانەدا دروشمەکانی "عەفرین بەرگە بگرە"، "بژى بەرخۆدانى عەفرین"، بژى یەپەگە، یەپەژە و پەکەکە" بەرزکرانەوە و لە بەردەم بیناى شارەوانیى کریلدا کۆتایى بەو چالاکییانە هێنرا.
پیزا
لە شارى پیزاى ئیتالیا و بە ئامانجی خاوەنداریکردن لە بەرخۆدانى عەفرین، چالاکییەک ئەنجامدرا. لەو چالاکییەدا هاووڵاتیان لە بەردەم بیناى پارێزگای پیزادا کۆبوونەوە و چالاکییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ژمارەیەک لەگەنجان ئاڵایەکى گەورەى یەپەگە و پەکەکە-یان لە گۆڕەپانەکەدا هەڵکرد و هەروەها پۆستەرەکانى "سڵاو لە بەرخۆدانى عەفرین" و "بکوژ ئەردۆغان" لەلایەن جەماوەرەوە بەرزکرایەوە. چالاکییەک بە خوێندنەوەى پەیامەکان و ڕاگەیاندراوى چالاکییە، کۆتایى پێهات.
فلۆرانس
لە شارى فلۆرانسى ئیتالیا چالاکییەکى سەرنجڕاکێش بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەچوو. لە دواى کۆبوونەوەى هاووڵاتیان لەبەردەم کارگەى کۆنفیندوستریا بۆ دروستکردنى چەک، زیاتر لە ٣٠٠ گەنج هەوڵیاندا بچنە ناو بیناى کۆنفیندوستریا، کە تورکیا زۆرترین بازرگانى چەک لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و کارگەیەدا ئەنجام دەدات. پۆلیس ڕێگرییان لە چوونە ژوورەى هاووڵاتیان کرد، بەڵام لیژنەیەک لەلایەن هاووڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە دروستکرا و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانى کۆنفیندوستریا ئەنجامدا. لەو چاوپێکەوتنەدا خۆپیشاندەران، باسیان لە داگیرکاریى تورکیا بۆ سەر عەفرین کرد و رایانگەیاند، ئێوەش دەبنە بەشێک لە کۆمەڵکوژکردنى گەلى عەفرین.
بارسلۆنا
لە شارى بارسلۆناى پایتەختى کەتەلۆنیا، کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم باڵیۆزخانەى ڕووسیا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا پشتیوانییەکانی ڕووسیا بۆ دەوڵەتى تورکیا ئیدانەکرا.
مێلبرن
لە شارى مێلبرنی ئوستورالیا، چالاکییەکى تر بۆ عەفرین ئەنجامدرا و هێرش و داگیرکاریى سەر عەفرین ئیدانەکرا. لەو چالاکییەدا ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە بەرزکرانەوە. هەروەها دروشمەکانى "عەفرین تەنها نییە" و "ئێمە لەگەڵتین عەفرین" لەلایەن چالاکوانان و خۆپیشاندەرکانەوە دەوترانەوە. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى مێلبرن هەموو هەفتەیەک لە یەکێک لە شوێنە گشتى و سەرەکییەکانى ئەو شارەدا روونکردنەوە و راگەیاندراو لەسەر عەفرین بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەن.
ر.م