بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی کۆچبەری دوو هێندە زیادی کردووە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنی یەکێتی ئەوروپا، ئەمساڵ ٧٠ هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردووش ئامارەکە دوو هێندە زیادیکردووە.

سبەینێ ڕۆژی جیهانیی کۆچبەرانە، ماڵپەڕی dw-ی ئەڵمانیش ڕاپۆرتێکی نهێنیی یەکێتی ئەوروپای لەبارەی ئاماری کۆچبەرانەوە بڵاوکردووتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاکو ناوەڕاستی ئەم مانگە، ٧٠ هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، بە بەروارد بە ساڵی ڕابردووش، ئامارەکە ٤٦٪ زیادیکردووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەو ٧٠ هەزارە،  نزیکەی ٦٨ هەزار کەسیان لە دەریای ئیجەوە دەربازی یۆنان بوون و لە کامپەکاندا دەژین، دوو هەزارەکەی دیکەش بە ڕیگای ترەوە گەشتوونەتە بولگاریا و ئیتاڵیا و قوبروس.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرترین ئەو کۆچبەرانە خەڵکی ئەفغانستانن کە ڕێژەى ٣٠٪ پێکدەهێنن، بەدوای ئەودا سوریایە کە ١٤٪ە، دواتریش پاکستان بەڕێژەى ٩.٥٪، عێراقییەکانیش ڕێژەى ٨٪ پێکدەهێنن و دواتر خەڵکی تورکیا بەڕێژەى ٥٪.

ز.ش