بەرپرسانی ڕۆژئاوا: موشەکەکانی ئێران فڕۆکە ئۆکرانیەکەیان تێكشکاندووە

بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا باس لەوە دەکەن، موشەکەکانی ئێران فڕۆکە مەدەنییەکەی ئۆکرانیای لە تاران تێكشکاندووە و لەو بارەیەشەوە ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، ئێرانیش داوای بەڵگەی پێویست دەکات لەوبارەیەوە.

جاستن ترودو سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ڕایگەیاند، زانیاری هەواڵگری لەچەندین سەرچاوەوە پێگەیشتووە كە فرۆكە ئۆكرانیەكە بەموشەكی زەمین بە ئاسمانی ئێرانی تێكشكاوە و ئەو پێی وایە ئەو كارە بە ئەنقەست نەبووە.

هاوكات بۆریس جونسون سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی هاوكاری كەنەدا و لایەنە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان دەكات داواشیكرد لێكۆڵینەوەیەكی روون و راستەقینە لەتێكشكانی فرۆكە ئۆكرانیەكە بكرێت.

عەباس موسەوی، وتەبێژی حکومەتی ئێران دوابەدوای لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر بەڵگەیەک لە کەنەدا یاخود هەر وڵاتێکی دیکە یان بۆینگ کە کە بیسەلمێنێت مووشەکی ئێرانی فڕۆکە ئۆکرانیەکەی تێکشکاندبێت.

لە لایەکی ترەوە میدیاکانی ئەمریکا دیمەنی پێکانی تەنێکیان بە مووشەک لە ئاسمانەوە بڵاوکردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەوە بەڵگەی پێکانی فڕۆکە ئۆکرانییەکەیە لەسەر خاکی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا لە جۆری بۆینگ ٧٣٧ بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە نزیک تاران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیانلەدەستدا.

ف.ق