بەریتانیا پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ ڕووسیا هه‌ڵپه‌سارد و ٢٣ دیبلۆماتكاری ده‌ركرد

حکوومەتی بەریتانیا تا كاتی یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی هه‌وڵدان بۆ کوشتنی سیخووڕێك، پەیوەندییه‌ دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕووسیا ھەڵپەسارد و ٢٣ دیبلۆماتكاری ڕووسیاشی له‌ وه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد.

ئەمڕۆ ١٤ی مارسی ٢٠١٨\ ٢٣ی ڕەشەممە، تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڕیاری دەرکردنی ٢٣ دیبلۆماتکاری ڕووسیای لە وه‌ڵاتەکەی ڕاگەیاند و ڕووسیاشی تۆمەتبارکرد بە هه‌وڵدان بۆ کوشتنی كۆنه‌سیخووڕی به‌ ڕه‌گه‌ز ڕووسی سکروباڵ و کچەکەی. سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئەو گازەی لە هه‌وڵی کوشتنی سیخووڕه‌كه‌ و كچه‌كه‌ی بەکارهێنراوه‌، دروستکراوی ڕووسیایە.

لە بەردەم پەرلەمانتارانی وه‌ڵاتەکەیدا، ئه‌مڕۆ تێرێزا مەی ڕایگه‌یاند: بەپێی رێکەوتننامەی ڤیه‌ننای تایبەت بە کاروباری دیبلۆماسی، شانشینی یەکگرتووی به‌ریتانیا ٢٣ دیبلۆماتکاری ڕووسیا لە خاکی وه‌ڵاتەکەیدا دەردەکات. به‌ وته‌ی مه‌ی، ئەو ٢٣ کەسە ئەفسەری شاراوەی ھەواڵگرین.

ھەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەره‌وەی به‌ریتانیا ڕایگەیاند: داوای کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین، دەربارەی ھەوڵی کوشتنی سکریباڵ وکچەکەی.

کێشەی هه‌وڵدان بۆ کوشتنی سیخووڕەکه

سیرگی سکریبال، کوڵۆنێڵی پێشووی دەزگه‌ی سیخووڕی ڕووسیا، به‌تۆمه‌تی خیانه‌تی گه‌وره‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا ساڵی ٢٠٠٦ له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی مۆسكۆ ده‌ستگیر كرا و سزای ١٣ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. به‌ڵام دواتر ناوبراو له‌گه‌ڵ ٣ سیخووڕی دیكه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئازادكردنی ١٠ سیخووڕ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، ئازاد كرا. ساڵی ٢٠١٠ش مافی پەنابەرێتی له‌ بەریتانیا وه‌رگرت و له‌وێ نیشته‌جێ بوو.

سکریباڵ - ته‌مه‌ن ٦٦ساڵ، لەگەڵ  کچە ٣٣ ساڵانه‌كه‌یدا، یەکشەممەی ڕابردوو لە شاری سالیزبیر-ی بەریتانیا، لە دۆخێکی دژواردا دۆزرانەوە. پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند: بە گازێکی نادیار ژەھراوی كراون. ئەمە لەکاتێکدایە له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، ھەریەکە لە ژنەکەی، کوڕەکەی و برایەکی ئه‌و سیخووڕه‌ مردوون.

کەناڵی CNN گازه‌بەکارھاتووه‌كه‌ی بە «گازی سارین» ناساندووە کە گازێکی شلی خنكێنه‌ره‌. ڕووسیا لە سه‌رده‌می جەنگی سارددا ئه‌و گازه‌ی دروست كردووه‌. «گازی سارین» گازێکی ونە، بۆن و ڕەنگی نییه‌ و لە ماوەی ١٠ خولەکدا کاریگەری خۆی لەسەر بەرکەوتوو بەجێدەھێلێت.

ئێستا ئەو سیخووڕه‌ و كچه‌كه‌ی،‌ لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكی وەردەگرن. ئەو ئەفسەرەشی یەکەمجار ئەوانی لەو دۆخەدا دۆزیوەتەوە، بەھەمان شێوه‌ی ئه‌وان بارودۆخی ته‌ندروستی تێكچووه‌.

باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا لە بەریتانیا وەڵامی حکوومەتی بەریتانیای دایەوە

باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بڕیاری دەرکردنی ئەو ٢٣ دیبلۆماتکارەی لە لایەن حکوومەتی بەریتانیاوە بە «بێ ھۆ و کورتبین» ناوبرد.

باڵیۆزخانه‌كه ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تەواوی بەرپرسیاره‌تیی ئەم دۆخەی خسته‌ ئەستۆی حکوومەتی بەریتانیا.

باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا له‌ به‌ریتانیا، لەسەر زاری ئەلێكسانده‌ر یاکوفیکو-ی باڵیۆز ڕایگەیاندووە: ڕووسیا ھەمان کاردانەوەی به‌رانبه‌ر بەریتانیا ده‌بێت و دیبلۆماتکارە بەریتانییه‌کان له‌ ڕووسیا دەردەکات.

لە درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باڵیۆزخانه‌ی رووسیا هاتووه‌: ئەو ڕێوشوێنانەی بەریتانیا دژی ڕووسیا گرتوویه‌تییه‌به‌ر، لە چوارچێوه‌ی «دۆسیه‌ی ھەوڵی کوشتنی سکریباڵ» چۆتە دەرەوە.

دەربارەی هه‌وڵی كوشتنی سیخووڕه‌كه‌، پێشتر حکوومەتی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو كه‌ ھیچ پەیوەندییه‌کی بەو بابه‌ته‌وه‌ نییه‌.

s.m