بەلجیکا: لە هێرشێکی چەکداریدا دوو پۆلیس وهاوڵاتیەکی مەدەنیی کوژران

لە شاری لیاژ-ی هەرێمی واڵۆنی وەڵاتی بەلژیکا لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا ۲پۆلیس و هاووڵاتییەکی مەدەنیی کوژران ،هەروەها هێرشبەرەکەش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژرا.

 

بەگوێرەی هەواڵی ڕاگەیاندنە بەلژیکیەکان، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی لە ناوەندی شاری لیاژ-ی هەرێمی واڵۆنی بەلژیکادا دەنگی تەقە بیستراوە. بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە هێرشبەرەکە بەدەم وتنەوەی " ئەڵاهو ئەکبەر" وتنەوەدا دەستڕێژیی گولەی بەسەر قوتابخانەیەکی ئامادەییدا کردوو.

لەئەنجامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا دوو پۆلیس کوژران و پۆلیسێکی دەیکەش بریندار بوو. هەروەها هاووڵاتییەکی مەدەنی کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، رگولەی بەرکەوتووە و کوژراوە. بەڵام نازانرێت ئەوهاوڵاتییە بە گولەی هێرشبەرەکە کوژراوە یان گولەی پۆلیس.

هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی بەلژیکا چارلس میشێل، کۆمیسیاری گشتیی پۆلیسی فیدراڵیی بەلژیکا، وەزیری ناوخۆ ژان ژانبۆن، وەزیری دادی بەلژیکا کون خێنس و پاشای بەلژیکا فلیپ کۆنین خۆیان گەیاندە شاری لیاژ.

پێش چەند خولەکێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری لیاژ ڕاگەیاندرا کە پۆلیسە بریندارەکەش گیانی لەدەستداوە و ژمارەی کوژراوان گەییشتە ۲ پۆلیس و یەک هاووڵاتی مەدەنی. و هەروەها پۆلیسێکی دیکەش بریندار بووە.

هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا ئاشکرا کرا کە ئەو قوتابخانەیەی کە هێرشبەرەکە هێرشی کردۆتە سەری، تا ڕۆژی پێنج شەممە دەوامی تێدا ناکرێت و تەواوی قوربانیەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.

لە کاتێکدا کە هێرشبەرەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، ژنێکی بەدیل گرتبوو، هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە هێرشبەرەکە کردووە و کوشتوویانە.

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا چارلس میشێل لەبارەی هێرشەکەوە بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە وەزیری ناوخۆی بەلژیکا سەرپەرشتیی ژووری ئۆپەراسیۆن دەکات و تا ئیستاش ڕوون نەکراوەتەوە کە ئایا ئەم هێرشە تیرۆریستی بوو یان نا.

داواکاری گشتیی دادگای بەلژیکاش ڕایگەیاند کە ئەوان تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لەمەڕ ئامانجی ئەو هێرشە چەکدارییە بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی هەواڵیی فەرەنسی زمانی بەلژیکا ئاشکرایکرد کە هێرشبەرەکە، دوێنێ دووشەممە لە زیندان ئازاد کراوە. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو زیندانییە لە زینداندا تووندڕەو بووە.

ک-ش