بەلژیکا: بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا دامەزرا

گروپێک لە چالاکوانانی مەدەنی، سیاسەتمەداران، نووسەران و ڕۆژنامەوانانی کورد لە وڵاتی بەلژیکا، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەو کۆبونەوەدا بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا-یان دامەزراند.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ ی حوزەیران/٢٠ی جۆزەردان-ی ٢٠١٨، ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی، سیاسەتمەداران، نووسەران و ڕۆژنامەوانانی کورد-ی نیشتەجێی وڵاتی بەلجیکا لە شاری برۆکسل کۆبوونەوە.

پاش گفتوگۆی چڕوپڕی نێوان ئامادەبوان، هەموان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لەسەرهەر کوردێک دژ بە هێرشە داگیرکارانەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان هەڵوێستی تووند و جددی هەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە هەمان ئەو ناوەی باشووری کوردستان لە بەرەیەکەیان بنێن و بەو پێیەش 'بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکاریی تورکیا' دامەزرا.

هەروەها هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار کرا کە زنجیرەیەک چالاکی دیبلۆماسیی، سیاسی و چالاکی مەدەنیی لەم مانگەدا دژ بە هێرشە داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا لەسەرهەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.

لە یەکەم چالاکیشیاندا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی حوزەیران/٢٣ی جۆزەردان چالاکیەک لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبنەوە و نامەی ناڕەزایی خۆیان دەربارەی ئەو هێرشە داگیرکاریانەی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئاڕاستەی بەرپرسانی ئۆفیس-ی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن.

ک-ش