ترامپ: سەرۆکی کۆریای باکور ڕازی بووە چاوی پێم بکەوێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد:" سەرۆکی چین پێی ڕاگەیاندووە: چاوی بە سەرۆکی کۆریای باکور کەوتووە و ڕازی بووە چاوی پێم بکەوێت و پێکەوە کۆببینەوە".

چەند کاتژمێرک بەر لە ئێستا، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە تویتێکدا لە تویتەری خۆی جریوەیەکی کردووە و ڕایگەیاندوە: " شی جین پینگ، سەرۆکی کۆماری گەلی چین، پەیوەندی پێوە کردووە و پێی وتووە: لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەشیان ئەرێنی بووە".
 ترامپ ئاشکراشی کردووە: " سەرۆکی چین پێی ڕاگەیاندووە: سەرۆکی کۆریای باکوری ڕازیبووە چاوی پێم بکەوێت و پێکەوە کۆببینەوە".

ئەم هەڵویستەی سەرۆکی کۆریای باکور دوای ئەوە هات کە لە چەندین بۆنەدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندبوو: ئامادەیە لەگەڵ کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور کۆببێتەوە و لە سەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی کۆریا و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان قسە و باس بکەن.

ئەمەو ئاژانسی شینخوای فەرمی چینیش، بڵاویکردووەتەوە: "کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، سەردانی چینی کردووە و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆریای باکوری ئامادەیی نیشان داوە بۆ داماڵینی چەکە ئەتۆمیەکانی و کۆتایی هێنان بە بەرنامە ناوکییەکەی وڵاتەکەی ".

هـ.هـ