ترەمپ: لە هێرشەکەی ئێران هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەگەیشتووە

لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر دوو بنکەی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێنەگەیشتووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ڕابردوو ئەنجامدا، کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر دوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی هێرشە موشەکیەکەی ئێرانەوە هیچ زیانێک بە هێزەکانی ئەمریکا نەگەیشتووە و هیچ سەربازێکیان بریندار نەبووە.

لەبارەی کوشتنی قاسم سلێمانیەوە، ترەمپ ڕایگەیاند: ئێران هەوڵیداوە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست تێکبدات، بەڵام ئیتر ئەو ڕۆژانە کۆتاییهات، هەفتەی ڕابردوو کارێکی یەکلاکەرەوەمان ئەنجامداو بە فەرمانی من "تیرۆریستێکی گەورەمان کوشت".

سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمریکا وتی: ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێمەش زۆر بە وردیی چاودێریی ڕەوشی ئێران دەکەین و سزای تووندیان بەسەردا دەسەپێنین تاوەکو مامەڵەی خۆی دەگۆڕێ.

ترەمپ شەڕی تاران بە "شەڕی وەکالەت" ناوبرد و وتیشی: دەبێت هەموومان پێکەوە کاربکەین کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکەین یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران ببووژێننەوە و ئێران پێشکەوتوو و سەقامگیربێت و دەبێت تاران واز لە شەڕی بە وەکالەت بێنێت.

ب.ش