توركیا بۆ ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕیزبه‌ندی ١٥٧ دایه‌

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌رباره‌ی ئازادیی كاری ڕاگه‌یاندن له‌ ١٨٠ وه‌ڵاتی جیهان بڵاوكرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ توركیا له‌ ڕیزبه‌ندی ١٥٧ دایه‌.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور - RSF له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ توركیا ئه‌مساڵ ٢ پله‌ له‌ ڕیزبه‌ندیی ئازادیی ڕاگه‌یاندن پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و له‌نێو ١٨٠ وه‌ڵاتی جیهاندا، له‌ ڕیزبه‌ندی ١٥٧دا جێگه‌ی گرتووه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ توركیا به‌ «گه‌وره‌ترین زیندانی جیهان بۆ ڕۆژنامه‌وانان» ناوده‌بات و ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ له‌ دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی توركیا، ساڵی ٢٠١٧ زۆر ڕۆژنامه‌وان له‌ دوای ساڵێك ڕاگرتن له‌ زینداندا، سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، میسر له‌ ڕیزبه‌ندی ١٦١ی ئازادیی ڕاگه‌یاندن دایه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ توركیا و میسر ترس له‌ ڕاگه‌یاندن له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و ڕۆژنامه‌وانان به‌ «تێرۆر» تۆمه‌تبار ده‌كرێن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات نه‌بن، ده‌ستگیرده‌كرێن.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بووه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئازادیی ڕاگه‌یاندن ٢ پله‌ له‌و وه‌ڵاته‌ كه‌می كردووه‌ و دابه‌زیوه‌ بۆ ڕیزبه‌ندی ژماره‌ ٤٥. هه‌روه‌ها ئاستی ئازادیی راگه‌یاندن له‌ وه‌ڵاتی مالتا ١٨ پله‌ دابه‌زیوه‌ و گه‌یشتۆته‌ ڕیزبه‌ندی ٦٥، سلۆڤاكیا-ش ١٠ خاڵی‌ له‌ده‌ستداوه‌ و دابه‌زیوه‌ بۆ ڕیزبه‌ندی ٢٧.

ڕووسیا له‌ ڕیزبه‌ندی ١٤٨ ماوه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵاتی چین-یش كه‌ زیاتر له‌ ٥٠ ڕۆژنامه‌وانی له‌ زیندانه‌كاندایه‌، له‌ ڕیزبه‌ندی ١٧٦ جێگه‌ی گرتووه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، باشترین وه‌ڵات بۆ ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی نه‌رویجه‌ و خراپترین وه‌ڵاتیش كۆریای باكووره‌.

s.m