تەواوی رێگاکانی ئەریڤان داخران

دەیان هەزار کەس لە ئەریڤان-ی پایتەختی ئەرمینیا رژانە سەر شەقامەکان و تەواوی رێگاکانی هاتووچۆ و رێگای فڕۆکەخانەیان داخست.

دەیان هەزار کەس لە ئەریڤان-ی پایتەختی ئەرمینیا رژانە سەر شەقامەکان و تەواوی رێگاکانی هاتووچۆ و رێگای فڕۆکەخانەیان داخست.

پاش ئەوەی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکرا، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی ئەرمینیا "نیکۆل پاشینیان" بانگەوازی لە گەلی ئەرمەنی کرد کە دەست بە راپەرینی مەدەنی و ئاشتییانە بکەن. بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس رژانە ناو کوچە و کۆڵان و شەقامەکان و رێگاکانی پایتەختی ئەو وڵاتە بە تایبەتی رێگای فڕۆکەخانەیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆریش دوکان و کارگە داخست.

پەرلەمانتار و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان کە پێشەنگایەتیى ئەو چالاکییانە دەکات، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا ٤٥ دەنگی هێنا و بەوەش ٨ دەنگی کەم بوو بۆئەوەی بتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە. ئەوەش پاش ئەوە هات کە زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی کۆماریی ئەو وڵاتە دەنگیان بە نیکۆڵ نەدا. پارتى کۆماریخوازی ئەرمینیا، کە سێرژ سارکیسیان سەرۆک وەزیرانى دەست لەکارکێشاوە سەرۆکایەتیى دەکات، لە پەرلەمان دەنگیان بە پاشینیان نەدا و پاشینیان رایگەیاندبوو، ئەگەر حزبى دەسەڵات بەردەوام بێت لەو هەڵوێستەى و رێگرى لە سەرۆک وەزیرانبوونى بکەن، ئەوا "تسونامییەکى سیاسی" روودەدات.

لە رۆژی ١٣ی نیسان / ٢٤ى خاکەلێوەوە، دەیان هەزار کەس لە ئەرمینیا لە ناو چالاکی ناڕەزایەتیدان. خۆپیشاندەران ناڕەزایەتیی نیشان دەدەن دژ بە دەستنیشانکردنی سێرژ سارکیسیان سەرکردەی پارتی دەسەڵاتداریی کۆماریی ئەرمینیا وەک سەرۆک وەزیران. سێرژ سارکیسیان دوو خول سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بوو، مانگی رابردوو لە پەرلەماندا وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا. بەڵام لە ٢٣ی نیسان / ٣ى گوڵانی ئەمساڵ ناچار بە دەستلەکارکیشانەوە کرا و دەستبەرداریی پۆستەکەی بوو