ڕێبه‌ری پارتیی كرێكارانی به‌ریتانیا ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ده‌كات

جێرمی كۆربین، ڕێبەری پارتیی کرێکارانی به‌ریتانیا، لە دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین ناڕه‌زایی خۆی پیشاندا و پشتیوانی خۆی بۆ عه‌فرین و گه‌لی كورد ڕاگه‌یاند.

جێرمی كۆربین، ڕێبەری پارتیی کرێکارانی به‌ریتانیا، له‌ به‌رانبه‌ر هێرشەکانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ «Another  Green world» بڵاوی كردۆته‌وه‌، هەڵوێستی خۆی پیشان دا.

پشتیوانی لە کوردەکانی سووریا دەکەم

كۆربین له‌ وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: من پشتیوانیی خۆم بۆ کوردەکانی سووریا و هەموو کوردەکانی جیهان دەردەبڕم. ئەوەی لەم هەلومەرجەدا پێویستە ڕاگرتنی شەڕە و  هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی تێکهەڵچونەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسیی، نەک نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردانی سەربازی لە قەیرانێکی ئاڵۆزدا کە هەتا ئێستاش ڕێژەیەکی فره‌وانی قوربانی و ئاوارەیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

تورکیا سیڤیله‌كان دەکاتە ئامانج
ڕێبەری پارتی کرێکارانی به‌ریتانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌: هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، قوربانی زۆری مەدەنی لێکەوتۆتەوە، تەنانەت ئەو ئاوارانە کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە پەنایان بۆ عه‌فرین هێناوە، بوونەتە قوربانی هێرشەکانی تورکیا.

ڕه‌خنه‌ له‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا ده‌گرێت

كۆربین ڕایگه‌یاند، حکوومەتی به‌ریتانیا نەک تەنیا نەیتوانیوە لە دژی دەستێوەردانی بیانییەکان لە سووریا هەنگاوێک هەڵبگرێت، بەڵکو بۆ خۆشی بۆتە بەشێک لە هێرشەکانی هێزە هاوپەیمانەکان لە سووریا.

«ئێمە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی سەرشانمان، دەبێت فشارەکانمان بۆ دابینکردنی ئاشتییەکی سەقامگیر و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک سیاسی بۆ سووریا، زیاد بکەین، لەوانەش، هاتنەدەرەوەی هەموو ئەو هێزە بیانیانە کە لە شەڕی سووریادا ڕۆلیان هەیە»