جێرى ئادامز پشتوانى لە دادگاى نێودەوڵەتى دەکات بۆ دادگایکردنى تورکیا
جێرى ئادامز کەسایەتى مێژوویى ئیرلەندا ڕایگەیاند، پشتیوانى لە دادگاى نێودەوڵەتى لە پاریس دەکات، بۆ ئەوەى تورکیا بە تاوانى جەنگ دادگایى بکات.
جێرى ئادامز کەسایەتى مێژوویى ئیرلەندا ڕایگەیاند، پشتیوانى لە دادگاى نێودەوڵەتى لە پاریس دەکات، بۆ ئەوەى تورکیا بە تاوانى جەنگ دادگایى بکات.
جێرى ئادامز کە بۆ ماوەى ٣٤ ساڵ شین فێن (باڵى سیاسى بزووتنەوەى ڕزگاریى ئیرلەندا)ى بەڕێوە دەبرد، لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، پشتوانى لە دادگاى نێودەوڵەتى دەکات بۆ دادگایکردنى دەوڵەتى تورکیا لەسەر ئەنجامدانى تاوانى جەنگ.
دادگاى نێودەوڵەتى بڕیارە ڕۆژانى ١٥ و ١٦ی ئازار / ٢٤ و ٢٥ى ڕەشەممە، لە شارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسا بۆ دادگایکردنى تورکیا لەسەر ئەنجامدانى تاوانى جەنگ و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى دانیشتنێک ئەنجام بدات. تۆمەتبارى سەرەکى لەو دانیشتنەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیایە.
دادگایکردنەکەى تورکیا و ئەردۆغان لەلایەن ٧ دادوەرەوە بەڕێوە دەچێت، کە نزیکەى ٤٠ ڕێکخراوى نێودەوڵەتى و ٣٠٠ کەسایەتى پشتیوانى لەو دادگایکردنە دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا جێرى ئادامز ڕایگەیاند، بە ناوى شین فێنەوە پشتوانى لە دانشتنەکەى دادگاى نێودەوڵەتى لە پاریس دەکات، چونکە لەسەر ئەنجامدانى تاوانى گەورە لەلایەن دەوڵەتى تورکیا و سیخوڕەکانییەوە، قسە و باسێکى زۆر لە ئارادایە.
ئادامز ڕاشیگەیاند، ئامادەیە چەپڵە بۆ گەلى کورد لێ بدات، چونکە کورد هەوڵ دەدات لە ڕووى یاساییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانانە بکرێت، بۆ ئەوەش پشتیوانى خۆى بۆ گەلى کورد دەربڕی.
مایکڵ لۆویى لێکۆڵەرى بەڕێوەبەر و پسپۆڕى ناوەندى لێکۆڵینەوەی زانستى و نەتەوەیى (CNRS) لەو بارەیەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و وتى "ئەم دادگایە هەم لە ڕووی ئەخلاقى و هەم لە ڕووى سیاسییەوە زۆر گرنگە".
لۆویى باسى ئەوەشیکرد، ئەوە یەکێکە لە هەوڵە دژە ئیمپریالیست و دژە داگیرکارییەکان و بۆ ئەوەش ئاماژەى بەو دادگا نێودەوڵەتییە کرد، کە برتراند ڕاسل لە دژى تاوانەکانى ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنامدا بەڕێوەی بردبوو.
لۆویى ئەوەشى خستەڕوو، ئەم دادگایەى ئێستاش بۆ تورکیا هەڵگرى هەمان فۆرم و شێوەى دادگاکەى ڕاسلە. بۆ ئەوەش هیواى خواست ئەو دادگایە بە ئەندازەى دادگاکەى ڕاسل کاریگەری دروست بکات.
لۆویى وتیشى "هیوادارم ئێمە بتوانین هاوکاری و پشتیوانیى گرنگ لە مافەکانى گەلى کورد و گەلی تورک بکەین".
پێشتریش پاتریس فرانچسکێ و جانێت بیڵ وهەروەها گابی زمیر لە فراکسیۆنى چەپى یەکگرتوو لە پەرلەمانى ئەوروپا (GUE/NGL) و جیرارد چالیندا پسپۆڕى کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە بڵاوکردنەوەى پەیامەکانیان لە یوتیوبەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو دادگایکردنە دەربڕیبوو.
ر.م