داعش بەرپرسیارەتی هێرشە چەکدارییەکەی بەلژیکای لەئەستۆ گرت

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێرشێکی چەکداریی لە شاری لیاژ-ی وڵاتی بەلژیکا ئەنجام درا و لە ئاکامیشدا دوو پۆلیس و هاوڵاتیەکی مەدەنیی کوژران. شەوی ڕابردوو چەتەکانی داعش بەرپرسیارەتی ئەو هێرشەیان لەئەستۆ گرت.

چەتەکانی داعش لەسەر ماڵپەڕی خۆیاندا، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسەی هێرشە چەکداریەکەی بەلژیکای ئەنجام داوە، ئەندامی ئەوان بووە و لەسەر ناوی داعش ئەو هێرشەی کردووە.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا  تاوانبار بنیامین هێرمان بە مەرج و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە زیندان ئازادکرا. سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە شاری لیاژ-ی بەلژیکا  بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو پۆلیس و پاشان بە چەکی پۆلیسەکان هەردووکیانی کوشت. هێرشبەرەکە پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو شوێنێکی تر بەڕێدەکەوێت و خوێندکارێکی زانکۆش دەکوژێت کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. دواتر لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی ناوەندی شاری لیاژ ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبێتەوە و لە ئاکامدا پۆلیس توانیان هێرشبەرەکە بکوژن.

ک-ش