دیکتاتورەکە لە جنێڤ چاوی لەسەر نەوتی سوریایە

یەکەمین لوتکەی جیهانیی پەنابەران لە جنێڤ بە بەشداری نوێنەرانی فەرمی ١٢٠ وڵات دەستیپێکرد. لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک، داگیرکەری و گۆڕینی دیمۆگرافیی، پاراست و لەهەمان کاتدا داوای نەوتی سوریاشی کرد.

یەکەمین لوتکەی جیهانیی پەنابەران بە سەرپەرەشتیی کۆمیسیاریی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆفیسی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ دەستی پێکرد. لە لوتکەکەدا کە دوو رۆژ دەخایێنێت، جگە لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری ١٢٠ وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدار بوون و بڕیار وایە قەیرانی پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان گۆتۆبێژ بکرێت و رێگا چارەی بۆ بدۆزرێتەوە. 

سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لوتکەکە، هەر یەک لە وەزیری دەرەوەی سویسرا و سەرۆکی کۆمیسیاریی (UNHCR) قسەیان کرد و لە قەسکانیاندا تیشکیان خستە سەر قەیرانی پەنابەران لە سەرتاسەریی جیهان و جەختیشیان کردەوە کە دەبێت چارەسەریی بۆ ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازییەکی بڵاو کردەوە: بە بەرپرسیارانەوە بجوڵێنەوە

دواتر ئانتۆنیۆ گۆتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کردوو، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئەو لوتکەیە.

گوتەریس رایگەیاند، قەیرانی پەنابەران و گۆڕانکاریی کەش و هەوا سەرەکیترین کێشەی ئەمڕۆی جیهانن و بانگەوازییەکی ئاڕاستەی کەمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە لەبەرامبەر ئەم کێشانە بگەن بە چارەسەرییەک و بە بەرپرسیارانەوە بجوڵێنەوەو وتی:" بە پێی ئامارەکانی (UNHCR) لە سەرتاسەری جیهان ٧٠ ملیۆن کەس لە شوێنی خۆیان نەماون، کە ٢٥ میلۆنیان پەنابەرن."

دواتر کارلۆس ئەلڤارادۆ سەرۆک وەزیرانی کۆستەریکا و عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان و دیمیک میکۆنین سەرۆک وەزیرانی ئەسیۆپیا و هیکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا و ئەردۆغانی سەرۆ کۆماری تورکیا قسەیان کرد.

نوێنەرانی پاکستان و ئەسیۆپیا و ئەلمانیا و کۆستەریکا لە قسەکانیاندا تیشکییان خستە سەر قەیرانی پەنابەران و پرۆژەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە پێشکێش کرد. سەرۆک کۆماری تورکیاش لە قسەکانیدا باسی لەسەر حەقبوونی خۆی کرد لە بارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەردۆغان باسی لەوەی کرد کە گوایا لە سەرتاسەری جیهان تورکیا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین پەنابەری تێدا داڵدە دراوە و هەموو راستییەکانی نادیدە گرت و وتی، گوایا هەموو پێویستییەکانی پەنابەرانی سوریای دابین کردووە و ئەوەشی وت کە لەم رووەوە نە ئەورۆپا و نە نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتیوانی لێناکەن.

ئەردۆغان کە بە دەیان کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورکی لە سوریا بە نادیدە گرت، لە هەمان کاتدا وڵاتانی رۆژئاوایی وەک بەرپرسیار پیشاندا بەرامبەر بەو کوشتار و کەمەڵکوژییانە.

ئەردۆغان هەروەها تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و وتی:" بە رێگای جموجوڵ و ئۆپڕاسیۆنەکانی قەلغانی فورات و چڵە زەیتون و کانیی ئاشتی، ناوچەیەکی ٨ هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتریمان کرد بە ناوچەیەکی 'ئارام'.

ئەردۆغان لەسەر ئەم پرسە زیاتر قسەی کردوو داوای پشتیوانی بۆ داگیرکەرییەکانی کرد.

چاوی لە نەوتە

ئەردۆغان داوای کرد ئەو پەترۆلەی لە ژێر کۆنترۆلی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دایە، رادەستی تورکیا بکریت و وتی:" وەرن با ئەو نەوتەی لە ناوچەکە هەیە، بە یەکەوە دەریبهێنین. با ئەو پەنابەرانە لەو ناوچانەی 'رزگارمان کردوون' جێگیریان بکەین و داهاتی نەوتەکەش بەسەر ئەواندا دابەش بکەین."

ئەردۆغان کە تاوانبەرە بە تاوانەکانی شەڕ و دژی مرۆڤایەتی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها وتی کە گوایا ئەو ناوچانەی داگیریی کردوون، 'ئارامترین ناوچەن' لە سوریا.

لە راستیدا لەو ناوچانەی ئەردۆغان وەکو ناوچەی 'ئارام' پێناسەی دەکات، بە شێوەیەکی سیستماتیک تاڵانی و کوشتنی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان و گرتن و کۆچبەرکردنی بە زۆر ئەنجام دەدریت.

ئەردۆغان شەرمەزار کرا

دانیشتنەکانی یەکەمین لوتکەی جیهانیی پەنابەران بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە لە بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە سەدان کورد کۆ بوونەوەو ئەردۆغانیان شەرمەزار کرد.

ز.ش