دەیان پەنابەر لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا بێسەروشوێن بوون

لە لێوارەکانى وڵاتی ماڵتا لە دەریای سپیی ناوەڕاست ٢٦٠ کۆچبەر بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێکیان نییە. حکومەتى ماڵتا بێدەنگە و رێکخراوە نێونەتەوەیی و مەدەنییەکانیش نیگەرانن.

لە دواى ناڕەزایەتیی رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانی، دەزگای چاودێریکردنی سنوورەکانى یەکێتیی ئەوروپا (فرۆنتێکس - Frontex) رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ دوشەممە فڕۆکەیەک بۆ چاودێری و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هەڵدەستێنن.

فرۆنتێکس رایگەیاندووە، ئەو کەشتییەی کە باسی لێدەکرێت یەکێک لەو چوار کەشتییە، کە لە رۆژی شەممەوە دەستنیشانکراون و لەوبارەیەوە زانیارییان بە بەرپرسانی ئیتالیا، ماڵتا، لیبیا و تونس داوە.

هاوکات رێکخراوی چاوی دەریا رایگەیاند، "یەکێک لەو چوار کەشتییە نقوم بووە. هەموو بەرپرسارەکان ئەوە دەزانن، بەڵام هیچ کەسیان بۆ هاوکاریکردنیان هیچ کارێکیان نەکرد و رێگایان دا کە مرۆڤەکان بخنکێن".

رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانی رۆژی شەممە رایانگەیاندبوو، کەشتییەکى دروستکراو لە چوپ لە دەریادا وەرگەڕاوە، کە ٢٦٠ پەنابەری لەسەر بووە.

بەرپرسانی ماڵتا و یەکەى ئاسایشی لێوارەکانی ئیتالیا تاوەکو ئێستا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

رێکخراویى باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتوەکان (یو ئێن ئێچ سی ئاڕ - UNHCR) و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نیگەرانیان لەبارەى ئەو رووداوەوە خستووەتەڕوو. کارلۆتا سامی وتەبێژی یوئێن ئێچ سی ئاڕ لە ئیتالیا رایگەیاند "ئێمە زۆر نیگەرانین. هیچ زانیاریەکیشیان لە بەرپرسانەوە پێنەگەیشتوە، کە ئاخۆ کەشتییەکە نقوم بووە یان نا".

ژ.ت