رووسیا لەبارەی دەستێوەردانى ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا لە سوریا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. مۆسکۆ رایگەیاند "هێرشەکان بێ وەڵام نابن". هاوکات حکومەتى سوریا رایگەیاند، هەموو بنکە سەربازییەکانیان پێش هێرشەکان چۆڵکردبوو.
وەزارەتى بەرگریى رووسیا رایگەیاند، هێرشەکەى شەوی رابردوو هیچ یەک لە بارەگا ئاسمانى و دەریاییەکانى رووسیاى لە سوریا نەکردووەتە ئامانج.
راشیگەیاند "ئەو مووشەکانەى ئەمریکا ئاراستەى سوریاى کردوون، یەک دانەشیان لە سیستمى بەرگریى رووسیا لە تەرسوس و حەمیمیم دەرباز نەبووە".
هاوکات بەرپرسانى حکومەتى سوریا رایانگەیاند، پێش ئەوەى هێرشەکان ئەنجام بدرێن لەلایەن رووسیاوە ئاگادارکراونەتەوە و بنکەکانى خۆیان چۆڵکردووە.
بەرپرسێکى سوریا بە ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرزى وتوە "پێش ئەوەى هێرشەکان ئەنجام بدرێن لە رووسەکانەوە زانیاریمان پێگەیشت. لەبەر ئەەش چەند رۆژ پێش هێرشەکان، هەموو بنکە سەربازییەکانمان چۆڵکرد. نزیکەى ٣٠ مووشەک ئاراستەى سوریا کراون و یەک لەسەر سێیان تێکشکێنران".