رژێمى ئاکەپە دەستیگرت بەسەر رۆژنامەى ئۆزگورلوکچو دیموکراسی – دا

پۆلیسى تورکیا هەڵیکوتایە سەر بیناى رۆژنامەى ئۆزگورلوکچو دیموکراسی و چاپخانەکەیدا.

یەکەى تایبەتى پۆلیسى تورکیا هەڵیکوتایە سەر بیناى رۆژنامەکە و دەستیان بە پشکنینى بیناکە کرد. پشکنینەکە بۆ ٢ کاتژمێر و ٣٠ خولەک بەردەوام بوو. کاتێکیش پارێزەرانى رۆژنامەکە چوونەتە بیناى ناوەندى رۆژنامەکە، فەرمانبەرانى بیمەیان لە بیناکەدا بینیوە.

فەرمانبەرەکانى بیمە بە پارێزەرەکانیان راگەیاندووە، قەیوم دانراوە بۆ رۆژنامەى ئۆزگورلوکچو دیموکراسی، کارگەی چاپخانەى گیون بۆ ریکلام، فیلم، دیزاین، چاپ و بڵاوکردنەوە.

ئەو فەرمانبەرانە ڕاشیانگەیاندووە، هیچ زانیارییەکیان لەبارەى قەیومەکەوە پێنەدراوە، بەڵام دەتوانن زانیارییەکانى لە فەرمانگەى بیمە وەربگرن.

ئەوە ڕوون بووەتەوە، کە بەرپرسێکى فەرمانگەى بیمە کراوە بە قەیومی رۆژنامەکە و کارگە و چاپخانەى گیون.

بەوشێوەیە ڕۆژنامەکە و چاپخانەکەى لەلایەن ڕژێمى ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە. هەروەها کارمەندانى چاپخانەکەشیان دەستگیرکردووە، بەڵام تا ئێستا زانیاریى ئەوە بڵاونەکراوەتەوە، کە چەند کەس لە کارمەندانى چاپخانەکە لەو کاتەدا لەوێ بوون و دەستگیرکراون.

تورکیا گەورەترین زیندانە بۆ رۆژنامەنووسان لە جیهاندا

تورکیا لە ئاستى جیهاندا زۆرترین رۆژنامەنووسى زیندانیکردووە. بەوەش تورکیا بووە بە گەورەترین زیندان بۆ رۆژنامەنووسان لە جیهاندا. بەپێى دوایین ئامارى پلاتفۆرمی یەکگرتن بۆ ڕۆژنامەنووسانى زیندانیکراو، کە لە رۆژی ١٦ی ئازار / ٢٥ى ڕەشەمەی ٢٠١٨دا بڵاوکراوەتەوە، تورکیا ٢١٢ رۆژنامەنووسی زیندانی کردووە.

ر.م