رێکخراوى تەندروستیی جیهانی بۆ ترامپ: یاری بە ئاگر مەکە

تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس بەرێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) وەڵامی رەخنەکەى ترامپ سەرۆکی ئەمریکای لەسە رێکخراوەکەیان دایەوە و بە ترامپی وت "ڤایرۆسەکە بە سیاسی مەکە و یاری بە ئاگر مەکە".

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا رەخنەى ئەوەى لە رێکخراوى تەندروستیی جیهانی گرتبوو، کە گوایە ئەو رێکخراوە خۆی لە چین نزیک کردووەتوەە و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتای کۆرۆنا بە باشی بەڕێوە نابات. ترامپ هەڕەشەى ئەوەشیکردبوو، کە پشتیوانیی دارایی ئەمریکا بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەبڕێت.

تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس بەرێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لەو بارەیەوە وڵامی ترامپی دایەوە و وتی "ڤایرۆسەکە بە سیاسی مەکە، بۆ بەدەستهێنانى ئیمتیازی سیاسی پێویستی بە بەکارهێنانى کۆرۆنا (Covîd-19) نییە".

گیبریسوس وتیشی "زۆر رێگا هەیە، کە ئێوە دەتوانن لە رێگەیانەوە خۆتانی پێ بسەلەمێنن، پێویست ناکات یاری بە ئاگر بکەن".

لەو نێوانەدا ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی قسەى کرد و بڕوا و متمانەى خۆی بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، نایەوێت رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکەوێتە بەرداشی ململانێکانى نێوان چین و ئەمریکا.

هاوکات ئەنتۆنیو گوتێرێس سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بە بڕوای من دەبێت پشتیوانی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکرێت. سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش لە سەرتاسەری دونیادا هەیە".

ژ.ت