زانایه‌كی كورد گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی له‌ بواری زانستی بیركاری به‌ده‌ستهێنا

پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خەڵاتی فیڵدزی لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی بیرکاری لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە به‌ڕازیل به‌ده‌ستهێنا.

خەڵاتی فیلدز کە بە نۆبڵی بیرکاری ناسراوە، هەر چوار ساڵ جارێک دەبەخشرێت، براوەکان دەبێت لەو ساڵەدا کە خەڵاتەکە وەردەگرن، تەمەنیان کەمتر لە ٤٠ ساڵ بێت و ئەوپەڕی چوار بیرکاریزان لە یەک کاتدا خەڵات دەکرێن.

کۆچەر بیرکار-ی مامۆستا لە زانکۆی کەمبریج-ی به‌ریتانیا كه‌ خه‌ڵكی شاری مه‌ریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، خەڵاتەکەی بە هۆی کارەکانی لەسەر پۆلێنبەندیی جۆرە جیاجیاکانی هاوکێشە ڕادەدارەکان وەرگرت. بیرکار سەلماندی کە جۆرە ناکۆتاکانی ئەم هاوکێشانە دەکرێت دابەش بکرێنە سەر کۆمەڵێک پۆل کە ژمارەی پۆلەکان ناکۆتا نییە و ئەوەش لە ئەندازەی ژمارەییدا پێشکەوتنێکی گەورەیە.

كۆچه‌ر بیرکار لە گوندی نێ لە شاری مەریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە دایک بووە و لە وه‌ڵاتی به‌ریتانیا پەنابەری سیاسییە. ناوبراو له‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ ڕایگه‌یاند، هیواداره‌ وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ خه‌نده‌ی خستبێته‌ سه‌ر لێوی ٤٠ ملیۆن كورد.

s.m