زنجیرە چالاکی و خۆپیشاندان بۆ پشتیگیری لە بەرخۆدانی عەفرین لە وڵاتانی ئەورووپی
کوردستانیانی تاراوگە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەرعەفرین لە زۆربەی شار وناوەندەکانی وڵاتانی ئەورووپایی چالاکی جەماوەرییان ئەنجامدا.
کوردستانیانی تاراوگە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەرعەفرین لە زۆربەی شار وناوەندەکانی وڵاتانی ئەورووپایی چالاکی جەماوەرییان ئەنجامدا.
ماوەى ٣ ڕۆژە و لە دواى بانگەوازى ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ئیدانەکردنی هێرشەکانى تورکیا و چەتەکان و مەترسیی کۆمەڵکوژکردنى سەدان هەزار هاووڵاتیى عەفرین، کوردان و دۆستەکانیان لە شارە جیاجیاکانی ئەورووپا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژئاوایان بەرامبەر بە هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەری تورکیایان شەرمەزار کرد.
خۆپیشاندان و چالاکى و ناڕەزایەتى کوردان و دۆستەکانى لە ئەورووپا بەردەوامیى هەیە و لەشەوی ڕابردووە تا ئێستا و لە بەردەوامیى ئەو زنجیرە چالاکییانەدا لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوید، ئیتالیا، نرویج، سویسرا، دانیمارک بەلجیکا و هولەندا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەڕێوەچوون.
فەرەنسا
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری پاریس-ی پایتەختی فەرانسا بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەر کانتۆنی عەفرین و لە هەمانکاتدا بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لە بەردەم کۆنسوڵخانەی وڵاتی ئەمریکا، لە شاری پاریس کۆبونەوێکیان رێکخست.
هاوکات لە شاری مارسەی فەرەنسا، کوردستانیان بۆ هەمان مەبەست چالاکییان ئەنجامدا. هەروەها لە شارەکانی مۆنپۆلییە و ستراسبۆرگ-یش کوردستانیان چالاکیی جەماوەرییان ئەنجامدا.
ئەڵمانیا
لە شاری بەرلین، زیاتر لە ٢ هەرزار کوردستانی بە ڕێپێوانێکی مەزن ڕژانە سەر شەقامەکان وهێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا و بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژئاواییان شەرمەزارکرد.
هاوکات لە شاری فرانکفۆرت-ی ئەڵمانیا بۆ هەمان مەبەست چالاکی ئەنجامدرا و زیاتر لە ٥ هەزار کوردستانى و دۆستەکانیان بۆ پشتیوانى لە عەفرین ڕژانە سەر شەقامەکان.
هەروەها لە شارەکانى لیزیگ و هامبورگ چالاکی و خۆپیشاندانى جەماوەرى بۆ پشتیوانى لە بەرخۆدانى سەردەم بەڕێوەچوون.
نەمسا / ئۆتریش
لە شاری ڤییەنا-ی پایتەختی وڵاتی نەمسا/ئۆتریش، کوردستانیان تا درەنگانی شەو لە سەر شەقامەکانی ڤییەنا بۆ شەرمەزار کردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجامدا.
خۆپیشاندان لە ٧ وڵاتى تر
لە وڵاتانی سوید، ئیتالیا، نرویج، سویسرا، دانیمارک، بەلجیکا و هولەندا بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی سەردەم-ی عەفرین و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر چالاکی ئەنجام درا.
بەردەوامیى پشتیوانى لە بەرخۆدانى عەفرین
چالاکی و ناڕەزایەتى کوردستانیان بەردەوامیى هەیە و هاوکات لە وڵاتانى قوبرس، یونان، ئەرمینیا و کەنەدا و بەشەکانى ترى کوردستان چەندین چالاکى وخۆپیشاندان بۆ ئیدانەکردنى هێرشى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى بەرەى نوسرە و داعش بۆ سەر عەفرین بەڕێوەچوون.
ر.م