سه‌ختترین هه‌ڵبژاردنی مه‌كسیك به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ مه‌كسیك هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان، سێناتۆ و سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن به‌ زه‌خت، زۆرداری و كوشتن به‌رده‌وامه‌.

ده‌نگده‌رانی مه‌كسیك ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ٥٠٠ ئه‌ندامی، سێناتۆی ١٢٨ ئه‌ندامی و سه‌رۆك ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن.

مه‌كسیك كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ١٣٥ ملیۆن كه‌سه‌، ساڵی ڕابردوو ٢٥ هه‌زار كه‌سی تێدا كوژراوه‌. ڕووداوه‌كانی كوشتن ئه‌مساڵ له‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنیشدا بوو به‌ ڕۆژه‌ڤ.

لایه‌نی كه‌م ١٣٣ سیاسه‌تمه‌دار كوژراون

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی ڕێكخراوی ئه‌ته‌له‌كت، له‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نی كه‌م ١٣٣ سیاسه‌تمه‌دار كوژراون. ٢٠ كه‌س له‌وانه‌ی كوژراون كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوون. لایه‌نی كه‌م ٢٨ كه‌سیش پاڵێوراوی كاندیدایه‌تی بوون.

ڕێكخه‌ری گشتیی ئه‌ته‌له‌كت رووبه‌ن سالازار ڕایگه‌یاند، هێرشی تووند له‌ دژی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن كراوه‌. گوتیشی: له‌ ئاستی هه‌رێمیدا ژیانی سیاسه‌تمه‌داران پارێزراو نییه‌. سالازار كه‌ بۆ ڕادیۆی فۆرموولا قسه‌ی كرد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ختترین و به‌خوێنترین هه‌ڵبژاردنی مه‌كسیكه‌.

s.m