سه‌رۆكی پێشووی به‌رازیل به‌هۆی گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیركرا

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سه‌رۆكی پێشووی به‌رازیل كه به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی سزای ١٢ ساڵ و مانگێك زیندانی بۆ بڕابوویه‌وه‌، ده‌ستگیركرا.

دوای ئه‌وه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵیی به‌ڕازیل ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سزای ١٢ ساڵ و مانگێك زیندانیكردنی سه‌رۆكی پێشووی به‌ڕازیلی په‌سه‌ند كرد، سێرگیۆ مۆرۆ دادوه‌ری دادگه‌ی فیدڕاڵی بڕیاریدابوو كه‌ ناوبراو تا ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو كاتژمێر ١٧:٠٠ خۆی ته‌سلیمی پۆلیس بكات.

لولا كه‌ بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد و شه‌وی هه‌ینی له‌ بینای سه‌ندیكای كرێكارانی مێتال له‌ ساو پاولۆ  مایه‌وه‌، ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌و سه‌ندیكایه‌ به‌شداری كرد له‌ مه‌ڕاسیمی یادی هاوژینه‌كه‌ی كه‌ ساڵی ڕابردوو گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ لولا وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تۆمه‌ته‌كانی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و داوای له‌ دادوه‌ری دادگه‌ی فیدڕاڵی كرد به‌ڵگه‌كانی دژ به‌ تۆمه‌تبار پیشان بدات.

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سه‌رۆكی پێشووی به‌رازیل له‌ به‌رده‌م بینای سه‌ندیكای كرێكاران ویستی خۆی راده‌ستی پۆلیس بكات، به‌ڵام ئه‌ندامانی پارتیی كرێكاران نه‌یانهێشت. به‌رپرسانی پۆلیس ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناچنه‌ نێو بینای سه‌ندیكاكه‌ و ناوبراو له‌نێو بیناكه‌ ده‌ستگیر ناكه‌ن.

كاتژمێر ١٨:٤٥ به‌ كاتی به‌ڕازیل، لولا له‌نێو بینای سه‌ندیكای كرێكاران ده‌رچوو و خۆی ڕاده‌ستی پۆلیسی فیدڕاڵی كرد كه‌ چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد.

له‌ دوای پشكنینی پزیشكی، سه‌رۆكی پێشووی به‌ڕازیل به‌ فڕۆكه‌ی پۆلیسی فیدڕاڵی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كۆنگۆهاس-ی ساو پاولۆ گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی كوریتشیبا.

s.m