سەرۆکى پێشووى فەرەنسا داوا دەکات عەفرین بکرێتە ناوچەى دژە فڕین

فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشوی فەرەنسا بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەر عەفرین، داوای ڕاگەیاندنی بڕیاری هەرێمی دژە فڕینی کرد بۆسەر ئاسمانی عەفرین کرد.

بە پێی ڕۆژنامەی پاریس-ی فەرەنسا، سەرۆکی پێسوی فەرەنسا، فرانسوا ئۆلاند داوای "هەرێمی دژە فڕینی"ی بۆ باکووری سووریا کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەو داواکارییە بەتایبەت بۆ عەفرین خراوەتە بەر باس. ڕژنامەکە ئەوەشی باس کردووە، کە ئامانج لە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ ئەوەیە بەربەستێک بۆ هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەتەکان دابنرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، زۆربەی ئەو چەتانەی کە هاوکارن لەگەڵ سوپای تورکیا چەتەکانی داعش و بەرەی نوسرەن، کە لە هەرێمەکانی دیکەی سووریا هەڵهاتوون و ئێستاکە دەوڵەتی تورکیا ئەوانەی بۆ هێرشی سەر عەفرین کۆکردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی سەرچاوە کوردییەکان لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ٢٤٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بە هەزاران هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژنامەکە ئەم پرسیارەی کردووە "بۆچی ئۆلاند خۆی خستووەتە ناو ئەم بابەتەوە؟"، خالید عیسا نوێنەری پارتی یەکیەتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە پاریس، وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە و وتویەتى "چونکە ئۆلاند یەکەم سەرکردەی بیانییە، کە لە مانگی سەرماوەزی ٢٠١٤هاوکاریی دیپلۆماتی و سەربازیی  ئێمەی کردووە".

نوێنەری پەیەدە ڕۆژی شەممە لە گەڵ سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کۆبویەوە، نوێنەری پەیەدە باسی لەوەشکرد، ئۆلاند بە باشی لەوە تێگەیشتووە، کە دەبێت بە زووترین کات هەڵوێستێک بنوێنن و وتیشی: ئەردۆغان ئەیەوێت کوردەکان لە واری خۆیان دەربکات و جیهادییە توندڕەوەکان لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ بکات. بۆ ئەوەش ئەو تروریستانە بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە پەروەردە دەکات".

"کۆشکی ئیلیزێ ئامادەی هاوکارییە"

ڕۆژنامەکە بەم شێوەتە درێژەی بە بابەتەکەی داوە، فرانسوا ئۆلاند لە ڕێگای ئەم بانگەوازییەوە مەسجێکی بۆ وڵاتانی فەرەنسا و ئامریکا ناردووە، کە دوای کۆتایی هاتنی داعش هەندێک لە وڵاتان دەیانەوێت پشت لە کوردەکان بکەن.

بەپێی سەرچاوەکانى نزیک لە ئۆلاند، ئامانج لەمە بۆ ئەوە نییە، کە شوێنی ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری ئێستای فەرەنسا نییە، بەڵکو بەم شیوازە دەیانەوێت پایتەخت دەنگی خۆی لە بەرامبەر ئەردۆغان هەڵبڕێت و گوشار بخاتە سەر تورکیا.

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی ئیلیزێ، کۆشک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشوازی کردن لە داواکارییەکەی ئۆلاند.

ر.م