سەرۆکی فەڕەنسا: نیگەرانین لە دۆخی شاری عەفرین

ئیمانویل ماکرون، سەرۆکی فەڕەنسا نیگەرانی خۆی دەربارەی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین وبارودۆخی ئەو شارە دەربڕی.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ ٢٤ مارس،  کۆشکی ئەلیزی ڕایگەیاند: ئیمانویل ماکرون، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا نیگەرانی خۆی بە ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕاگەیاندوە سەبارەت بەو دۆخە مرۆییەی لە شاری عەفریندا دەگورزەریت.

وەک لە بەیاننامەکەدا ھاتوە، سەرۆکی فەڕەنسا بە ئەردۆغانی ووتوه‌:  دەبیت بەزوترین کات ڕێڕەوی ھاوکاری مرۆیی بۆ ھاوەڵاتیانی عەفرین بکرێتەوە.

دەبیت چارەسەری سیاسی جێگەی چارەسەری سەربازی بگرێتەوە

بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەدات، لە گەڵ ئاڵۆزتر بونی بارودۆخی قەیرانی سووریا، ماکرۆن، داوا لەسەرجەم ئەو لایەنانە دەکات کە دەستیان وەرداوەتە نێو خاکی سوریا، کار بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری سیاسی جێگەی چارەسەرە سەربازییەکان بگرێتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی کۆشکی ئەلیزێدا ھاتوە، ئەم ھەوڵە بەشێکە لەو ھەوڵانەی فەڕەنسا لە پێناو پێشنیار کردنی چارە سەرێکی نوێدا بۆ بارودۆخی سووریا، بەگەڕی خستووە.