سەرۆکی ویلایەتی ترێنگن-ی ئەڵمانیا پشتیوانی بەرخۆدانی یەپەگە دەکات

سەرۆکی ویلایەتی ترێنگن-ی ئەڵمانیا بۆب ڕامیلۆ لە تویتێکدا لە ئەکاونتى فەرمیى تویتەرەکەیدا پاڵپشتی بەرخۆدانی یەپەگەی کرد لە بەرانبەری هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین.

 

ڕامیلۆ سەرۆکی  ئەیالەت-ی ترێنگن لە حزبی چەپی ئەڵمانیا لە تویتەرەکەیدا چەندین جار بە نوسینی وشەی یەپەگە، پشتیوانیی خۆی لە بەرخۆدانی یەپەگە لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا ڕاگەیاند.

ڕامیلۆ لە سەرەتادا بێدەنگیى ئەڵمانیا و دواتر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشی سوپای تورکیای بۆسەر عەفرین شەرمەزار کرد.

بۆب ڕامیلۆ، کە لە ٢٠١٤ ەوە بە هاوپەیمانی لەگەڵ (اس پی دی) و حیزبی سەوز وەک سەرۆکی ئەیالەت هەڵبژێردراوە وتی:  "عەفرین خۆی چارەنوسی خۆی دیار دەکات. من هێرشی ناتۆ، وەک هێرش بۆسەر بەهاکانی خۆمان و ئازادی دەبینم.بە ئاشکرا مافی نەتەوایەتی پێشێل دەکرێت".

ئەوەشى وتوە "پاڵپشتی ڕۆژئاوا وعەفرین بن. ئەورووپا جارێکی دیکە لە بەرامبەر ئەندامێکی ناتۆ، بۆ هێرش لە سەر کوردان و ئیزیدییەکان دەیهەوێت بێدەنگی بنوێنێت."

دوشەمەی ڕابردوو لە کاتی سەردانی مەولوود چاوش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بو بەرلین، پۆلیسی ئەڵمانیا کۆمەڵیک گەنجی چەپ، کە پاڵپشتی کوردانیان دەکرد دەستبەسەرکرد.

هەروەها لە کاتی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەڵمانیا، پۆلیس هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئەندامانی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد-ی دیموکراتی و بڕێکی زۆر کۆمپیتەر و ئەرشیڤیان لەگەل خۆیان برد.

 

ر.م