شەرمێکی تری ئەوروپا: کەشتیی پەنابەران هێشتا لە دەریادایە

دواى رووداوی کەشتیی ئەکواریۆسی هەڵگرى پەنابەران، ئێستا دیسانەوە وڵاتانى ئەوروپی لەبارەى کەشتیى لایف لاین-ەوە، کە تەنها ٢٣٠ پەنابەرى تێدایە کەوتوونەتەوە مشتومڕ و بەو شێوەیەش مۆری خۆیان لەسەر شەرمێکی تر دانا.

لە دەروازەی نێودەلەتیی نێوان لیبیا و ئیتاڵیا، ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانیی هەفتەی پێشوو، زیاتر لە ٢٣٠ پەنابەری ڕزگارکردبوو، ئەو پەنابەرانەیان خستبوویە ناو کەشتییەکەوە بەناوی لایف لاین 'هێڵی ژیان'. بەڵام ئەوە چەندین ڕۆژە لەبەرئەوەی هیچ وڵاتێک قەبوڵیان ناکات، ئەو کەشتییە هێشتا لەناو دەریادایە.

بەدووری ٥٥ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی مالتا، کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، ئەو کەشتییە لەناو دەریادا ڕاگیراوە. بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە ئەو پەنابەرانە قەبوڵ ناکات، پرسەکە کەوتبوویە ڕۆژەڤی ئیتاڵیاوە. بەڵام وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی کە کەسێکی ڕاستڕەوە، دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەی لە لیبیا، لێدوانێکی دا و تێیدا ڕێکخراوەکانی هاوکاریی مرۆیی تاوانبار کرد.

سالڤینی لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی دەیانەوێت لە دەریای سپی کۆچبەران ڕزگار بکەن، بە 'ئاگابوون یان بێ ئاگابوون' دەبنە 'شەریکەبەشی تاوانی قاچاخچێتی' بە مرۆڤەکانەوە.

سالڤینی وتیشی "بیر لەوە دەکەنەوە بێنە ئیتالیا؟ ئەمە لەبیر بکەن". سالڤینی درامای دڵتەزێنێ ئەو پەنابەرانەی کە لە کەشتییەکەی ناو دەریادا گیریان خواردووە بە نادیدە لەقەڵەم دا و وتی "من کۆتایی بە کاری قاچاخچێتیی بە مرۆڤەکان و کاری مافیایی دێنم".

ساڵی ڕابردوو، بەشێکی زۆر لە پەنابەران، کە زیاتر سەدان هەزار پەنابەر دەبوون، پاش ئەوەی خۆیان دەگەیاندە ئیتالیا، دەربازی وڵاتانی تری ڕۆژئاوا و باکوری ئەوروپا دەبوون. حکومەتی نوێی ئیتالیا بانگەشە و ئیدعای دژایەتیی یەکێتی ئەوروپا دەکات و دەڵێت، لە پرسی پەنابەراندا ئیتالیا بە تەنها دەهێڵدرێتەوە. ئیتالیا ڕاشیگەیاندووە، باشتر وایە چیتر پەنابەران لە وڵاتەکەیان قەبوڵ نەکەن.

پێش ئێستا بە دوو هەفتە، زیاتر لە ٦٠٠ پەنابەر لە دەریای سپیدا ڕزگارکرابوون. ئەو پەنابەرانە لە کەشتییەک بە ناوی ئەکواریۆس بە جێ کرابوون. بەڵام ئەوە چەندین ڕۆژە ئەو کەشتییە لەناو دەریادا ماوەتەوە و بەدوای وڵاتێکدا دەگەڕان کە پەنابەرانی ناوی قەبوڵ بکات، دواتر ئیسپانیا ئەو پەنابەرانەی قەبوڵ کردبوو.

ر.م‌