عەفرین ؛ بە قەڵەمی ڕۆژنامەنوسێکی''ئسۆشێتید پرێس''دا

سارا ئەلدیب، هەواڵنێری ڕۆژنامەی بەنێوبانگی ئسۆشێتێد پرێس، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کۆمەڵکۆژ کردنی هاولاتیانی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوەئەنجام داوە ودەڵێ؛ ''شوێنێک نییە کە خەڵکی سیڤیل خۆیانی تێدا حەشار بدەن.

لە هەواڵەکەدا دیمەنی بریندار بوونی هاوڵاتیان بە هۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە کە لە نەخۆشخانەی ئاورین-ی شاری عەفرین‌ بڵاو بۆتەوە، وهەروەها دەڵێ کە بە هۆی هێرشەکانەوە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە یەک بنەماڵە بەلانیکەمەوە ٣کەس گیانیان لەدەست داوە. هاوکات باسی چیرۆکی 'حەیم حەسەن' و منداڵە ١مانگانەکەی دەکات و دەڵێ؛ ''لە عەفرین بە سەدان هەزار مرۆڤ بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بەردەوام لە جێ گۆڕکێدان تا جێگاێکی ئارام بدۆزنەوە.

لە هەواڵەکەی ئسۆشێتیدپرێس‌دا، دەوترێ؛ بارودۆخی برینداران ڕۆژبەڕۆژ خراپتردەبێ و تورکیا لەوهێرشانەیدا بۆ سەر عەفرین، هەم لە بواری سەربازی و هەم لە بواری دیپلۆماتیکدا بەدوای وەدەستخستنی قازانجەوەیە.

هەواڵەکە باس لە بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانی یەپەگە دەکات کە لە ٦ بەرەوە بە تووندی ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری دەبنەوە. ''شەڕڤانانی یەپەگە بۆ پاراستنی ٣٩٠٠کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی عەفرین، بە ساڵانە ئامادەکارییان کردووە و هەتا ئێستا هەژمارێکی زۆر تانک و بەلانیکەمەوە هێلیکۆپتەرێکیان تێکشکاندووە".

هەواڵەکە، وتەیەکی 'سیپان حەمۆ'، فەرماندەی گشتی یەپەگە-شی بڵاو کردۆتەوە کە وتبووی؛ ''ئێستا ئێمە لە قۆناغی یەکەمی شەڕ داین. ئەوە شەڕێکی ستراتیژی و یەکجار گرینگە و هەتا وانەیەکی باش نەدەین بە سوپای داگیرکەری تورکیا و هەتا لە هەموو سنورەکانی ئێمە نەکشێنەوە، ئەو شەڕە کۆتایی پێنایەت".

هەواڵەکە سەرنجی داوەتە نرخاندنی 'نەواه بۆنسەی'، شڕۆڤەکاری سیاسی دەربارەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیاوە کە وتوویەتی؛ ''سوپای تورکیا، لە عەفرین‌دا پێشڕەوییەکی بەرچاوی نەکردووە".

لە کۆتایی هەواڵەکەدا، باسی ئەو هەژمارە ١٥ هەتا ٣٠هەزار کەسییە دەکرێ کە نەتەوەیەکگرتووەکان وتوویەتی پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤییە و هەروەها ئاماژەی داوە بە وتنی یەکێک لەو مەدەنییانەی کە دەڵێ؛ ''یارمەتیمان ناوێ، تەنیا مەهێڵن بۆردوومانمان کەن".

هەروەها ئسۆشێتێد پرێس، باسی لە دەیان ویدیۆ کرد کە تێیدا چەتە ئیسلامییە توندڕۆ بەکرێگیراوەکانی تورکیا، ئازار و ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی مەدەنی دەدەن و دەڵێت؛ ''نیگەرانی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنین''.