«فه‌ڕه‌نسا بۆ ڕێگری له‌ داگیركاریی توركیا، سه‌رباز ده‌نێرێته‌ منبج»

به‌پێی هه‌واڵی هه‌فته‌نامه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسا، له‌ دژی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی منبج، حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا بڕیاری داوه‌ سه‌ربازه‌كانی بنێرێته‌ منبج له‌ ڕۆژئاوا.

شاندێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ له‌ پاریس له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن-ی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی هه‌فته‌نامه‌ی ماریانه‌ - Marianneی فه‌ڕه‌نسی، حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا له‌ دژی هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی منبج، سه‌رباز ده‌نێرێته‌ منبج.  ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ تا ئێستا شاندی ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا هیچ لێدوانێكیان نه‌داوه‌.

شاندی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌ته‌وه‌، بریتین له‌: ئاسیا عه‌بدوڵا هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی - ته‌ڤده‌م، هێڤین ڕه‌شید هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كانتۆنی عه‌فرین، سیهام قریۆ هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كانتۆنی جزیر، فانه‌ر گائه‌ت ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی جزیر، ڕێدوور خه‌لیل به‌پرسی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی  هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی - قه‌سه‌ده‌، نه‌سرین عه‌بدوڵا وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن - یه‌په‌ژه‌ و دكتۆر خالید عیسا نوێنه‌ری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی باكوری سووریا له‌ فه‌ڕه‌نسا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فوراتی ڕاگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی بابه‌تی گرنگ كراوه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا زانیاری ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

s.m