قوربانیانی مین و ماددەی تەقەمەنی زیادی کردووە

بە پێی ئەوزانیارییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی ٤ی نیسان/١٥ی خاکەلێوە، ڕۆژی جیهانی بەرنگاربونەوە لە دژی مین بڵاوی کردووەتەوە، لە ٣ ساڵی ڕابردوودا ئاماری قوربانیانی مین ٢.٥ بەرابەر ماوەکانى پێشتر بەرز بووەتەوە.

ڕیکخراوەی چاودێریی تەقەمەنی و مین لە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن ژمارێک لە ڕێکخراوی هاوکاری نێونەتەوەییەوە دامەزراوە. بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە چاودێرییە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی تەقینەوەی مین لە ٣ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە زۆرتر بووەتەوە.

ساڵی ٢٠١٣ لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان ٣ هەزار و٤٥٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین و ماددەی تەقەمەنییەوە کوژراون و بریندار بوون. ئەو ژمارە لە ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ ٨ هەزار و٦٠٥ کەس بەرزبووەتەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە زۆرترین قوربانیانى مین لە وڵاتانی ئەفریقا، سووریا، عێراق، لیبیا، یەمەن، ئێران و ئۆکرانیا دان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە کۆی ٥ قوربانی مین چواریان کەسی مەدەنین. لە ساڵی ٢٠١٦دا ٧٨٪لە قوربانیانی مین کەسانی مەدەنی بوون و ٤٢٪ لەو قوربانیانەش منداڵ بوون.

هێندیکەپ ئینتەرناشناڵ یەکێک لە ڕێکخراوەکانى هاوکاریى کۆمەڵایەتی و چاودێریى قوربانیانى مین و ماددە تەقەمەنییەکانە و ئاشکرایکردووە، بۆ سەرخستنی ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاککردنەوەی جیهان لە مین و تەقەمەنی پێویستە کار و هەوڵى زۆر ئەنجام بدرێت.

 بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو رێکخراوەیە لە کۆلومبیا پێویستە هەنگاوی گرنگ بنێردڕێت بۆ نەهێشتنى مین.

بە گوێرەی پەیمانی ئۆتاوا، کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ کراوە، دروستکردن، کڕین، چاندن و بە کارهێنانی مینی دژە نەفەر قەدەغەیە. ئەم پەیمانە ساڵی ١٩٩٧ ئامادەکراوە و تا ئیستا ١٦٣ وڵات ئەم پەیمانەیان مۆر کردووە.

 

ک.ش

ر.م