قوربانیانی ئاگرەکەی یۆنان گەیشتە ۵۰ کەس و هەدەپەش سەرەخۆشیی لە گەلی یۆنان کرد

لە دوێنێ شەوەوە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر، لە چەند هەرێمێکی نزیک لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان، ۵۰ کەس گیانیان لەدەستداوە و ۱۵۰ کەسیش بریندار بوون و برینی ۱۱ کەسیان سەختە. پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەش، هەدەپە پەیامی سەرەخۆشی بۆ گەلی یۆنان نارد.

لە دوێنێوە، پلەی گەرما، لە وڵاتی یۆنان گەیشتووەتە ۴۰ پلە و ئەمڕۆش ئەو گەرمایە بەردەوام دەبێت. دوێنێ شەو، بە هۆکاری نادیار، ئاگر لە چەند دارستانێکی گوند و هەرێمەکانی نزیک لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی یۆنان کەوتەوە. لە ئاکامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەشدا، ۵۰ کەس گیانیان لەدەستدا و ۱۵۰ کەسی تریش بریندار بوون کە برینی ۱۱ کەسیان سەختە.

 پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەش، لەلایەن هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللییەوە، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی یۆنان ئەلێکسیس تسیپراس کرا.

دەقی پەیامەکەی هەدەپە بۆ سەرەخۆشی گەلانی یۆنان بەمشێوەیە:

بە غەم و ئازارێکی زۆر و گەورەوە، هەواڵی کارەساتی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ۵۰ هاوڵاتیی و برینداربوونی دەیان کەسمان بیست کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەرێمی ئاتتیکای ڕۆژهەڵاتی یۆنانەوە، گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. ئێمە سەرەخۆشیی لە گەل و حکومەتی یۆنان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. ئێمە دوعای خێر دەکەین بۆ ئەو بنەماڵانەی کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان پێگەیشتووە".

ئێمە لەگەڵ ئێوەداین.