قۆناغی یەکەمی سزا قورسە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە دژى ئێران دەستیپێکرد

کاتژمێر ٠٦:١٠ى ئەم بەیانییە قۆناغى یەکەمی سزا قورسە ئابوورییەکانى ئەمریکا لە دژى ئێران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

دواى ئەوەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە مانگى ئایارى رابردوودا بڕیاری کشانەوەى لە رێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران دەرکرد، ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا لە دژى ئێران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

قۆناغی یەکەمى سزا ئابووریەکانى ئەمریکا لە دژى ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کڕین و بردنى ماددەى خام بۆ ئێران، کەرتى ئۆتۆمبێل و گەشتى ئاسمانی و بازرگانى لە خۆى دەگرێت و رێگا بە ئێران نادرێت ئەو کارانە ئەنجام بدات.

دواى ٤ مانگى تر، واتە مانگى تشرینى دووەم (نۆڤەمبەر) قۆناغى دووەمى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا لە دژى ئێران دەستپێدەکات. قۆناغی دووەمی سزاکانى ئەمریکا لە دژى ئێران، کەرتەکانى نەوت و غاز و بانکى ناوەندى دەگرێتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ئەو سزا ئابوورییانە زیانى گەورە بە ئێران بگەیەنێت و هەر ئێستاش خۆى لە خۆیدا قەیرانى ئابووری لە ئێران زۆر زیادیکردووە. بەهای پارەى ئێرانى بەرادەیەک دابەزیوە، کە لە مێژووى ئێراندا بێ وێنەیە، بێکاری زۆر زیادیکردووە وهەڵاوسان زۆر زۆر بەرزبووەتەوە. تەنها لە ٦ مانگى رابردوودا بەهای پارەى ئێرانى لە بەرامبەر دۆلاردا ٢ لەسەر ٣ى بەهاکەى خۆى لە دەستداوە.

حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران پێش ئەوەى بڕیارى سزادانى ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بۆ میدیاکان قسەى کرد و وتى، ئەمریکا لە دژى ئێران شەڕی دەروونیى دەستپێکردووە و دەیەوێت لە ئێران ناکۆکى بنێتەوە و ئێران بشێوێت.

ترامپیش رایگەیاندبوو "بژاردەیەک لە بەردەستى رژێمى ئێراندا هەیە. یان ئەوەتا دەبێت نزیکایەتى هەڕەشەئامێزانە و تێکدەرانەى خۆى بگۆڕێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو باوەشی ئابووریى جیهانی، یان ئەوەتا گەمارۆ و سزاى ئابووری لەسەری بەردەوام دەبێت".

ر.م