قەیرانی ئەرمینیا بەرەوە چارەسەری دەڕوات

ماوەی چەند هەفتەیەکە لە ئەرمینیا خۆپیشاندانی جەماوەر بەردەوامە و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەرمینیاش داوای راگرتنی خۆپیشاندانەکانی کرد.

ماوەی چەند هەفتەیەکە لە ئەرمینیا خۆپیشاندانی جەماوەر بەردەوامە و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەرمینیاش داوای راگرتنی خۆپیشاندانەکانی کرد.

پاش ئەوەی سەرکۆماری پێشووی ئەرمینیا سێرژ سارکیسیان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لەو وڵاتە دەستیپێکرد. تا دوێنێ شەویش رێگاکانی ئەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرابوون.

لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی ئەرمینیا کە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نیکۆل پاشینیان و سەرکردەی پارتی کۆماریی دەسەڵاتدار سێرژ سارکیسیان پاڵێوراو بوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا. پاش ئەوەی کە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی بە جیاوازیی ٨ دەنگ لە پەرلەماندا وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان نەکرا، داوای کرد هاوڵاتیان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە کە لە دوایین دانوستاندا، پارتی کۆماریی دەسەڵاتدار بڕیاریداوە پشتگیریی نیکۆڵ پاشینیان بکەن لە پەرلەماندا. دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی ئەرمینیا بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نیکۆل پاشینیان پاڵێوراوی سەرەکیی دەبێت بۆ ئەو پۆستە. پارتی کۆماریی کاندیدیان نابێت لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا.

 پەرلەمانی ئەرمینیا خاوەنی ١٠٥ کورسییە کە پارتی کۆماریی دەسەڵاتدار خاوەنی ٥٨ کورسیین. بۆئەوەی کاندیدێک وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکرێت، پێویستە ٥٣ دەنگی هەبێت.

سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان داوای لە لایەنگرانی کرد، کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنی دووەمی پەرلەمان بکەن. داواشی کرد کە لە کاتی دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا لانیکەم ٥٠٠ هەزار کەس لەبەردەم پەرلەماندا کۆببنەوە.

لەلایەکی ترەوە سەرۆکی پارتی کۆماریی ئەرمینیا ڤاگرام باگداسارییان رایگەیاند، پارتەکەیان بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی ٨ی ئایار / ١٨ی خاکەلێوە هیچ کاندیدێکیان نابێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. ئاشکراشیکرد، دەنگی خۆیان دەدەن بە پاڵێوراوی پارتێک کە لانیکەم سێیەکی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت.