قەیرانەکە گەورەتر دەبێت؛ ٨٠ وڵات داواى یارمەتییان لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کردووە

تاوەکو دێت قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) لە جیهاندا گەورەتر دەبێت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش رایدەگەیەنێت، قەیرانەکە لە لە قەیرانی ئابووریی جیهانی لە ساڵانى ٢٠٠٨ – ٢٠٠٩ گەورەتر دەبێت.

تاوەکو ئێستا چەندین حکومەت رایانگەیاندووە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەدان ملیۆن کەس بێکار دەبن و پێویستی بە خستنەگەڕی چەندین ترلیۆن دۆلار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە هەیە.

تاوەکو ئێستا ١.٧ (ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن کەس) لە دۆخی کەرەنیتنەدا دەژین و ئەوەش قەیرانی ئابووری زۆر قورستر دەکات. بەپێى سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) قەیرانەکە لە قەیرانى ئابووری ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ گەورەتر دەبێت.

٨٠ وڵات داوای پارەیان لە سندوقی نێودەوڵەتى دراو کردووە

کریستالینا جۆرجیڤا سەرۆکی گشتیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتى رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٨٠ وڵات داوای پارەیان لە سندوقەکە کردووە.

کریستالینا جۆرجیڤا راشیگەیاندوە، قەبارەی ئەو هاوکارییە کە ئەوان دەتوانن پێشکەشی وڵاتانی بکەن یەک ترلیۆن دۆلار (هەزار میلیارد دۆلار)ە و ئامادەن ئەو بڕە پارەیە بخەنەگەڕ.

جۆرجیڤا ئەوەشی راگەیاندووە، پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە رێوشوێن لە دژی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێتەبەر و کەرتی تەندروستی بەهێز بکرێت.

ژ.ت