كۆبوونه‌وه‌ی مێژوویی؛ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باكوور كۆبوونه‌وه‌

لە یەکێک لە دوورگەکانی وه‌ڵاتی سەنگاپورە، هەردوو سەرۆکی ئەمه‌ریکا و کۆریای باکوور چاویان بە یەکتری کەوت و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

پاش كێشمه‌كێشمی زۆر ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌ وه‌ڵاتی سه‌نگاپوره‌ به‌ڕێوه‌چوو. لە کەشێکی هێمندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا و كیم جۆن ئۆن سه‌رۆكی كۆریای باكوور كۆبوونه‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپ ڕایگه‌یاند: پێموایە سەرکەوتن یاوەری ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت، شەرەفێکی گەورەیە بۆ من لێرەبم، ئێمە پەیوەندییەکی بەهێز بەیەکەوە گرێ ده‌ده‌ین.

هەروەها کیم جۆن ئۆن سەرۆکی کۆریای باکوور ڕایگه‌یاند: ئاسان نەبوو بگەین بەم خاڵە، ڕابردوو رێگربوو لە بەردەممان، ئاڵۆزییەکان به‌رچاوی گرتبووین، بەڵام توانیمان بەسەر هەموو ئەوانە زاڵبین و بگەینە ئەمڕۆ.

به‌ گوێره‌ی لێدوانی كۆشكی سپی، هەردوو سەرۆکی لووتکە کۆبوونەوەی دووقۆڵیان ئەنجامداوه‌ و بە ئامادەبوونی دوو وەرگێڕ بۆ ماوەی ٣٨ خولەک گفتوگۆیان کردووه‌. دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، تره‌مپ و كیم له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاره‌كانیان پێكه‌وه‌ نانی نیوه‌ڕۆیان خوارد.

دواتر یاداشتێكی هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا و كیم جۆن ئۆن سه‌رۆكی كۆریای باكوور ئیمزا كرا. تره‌مپ گوتی: داماڵینی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور زۆر بە خێرایی دەستپێدەکات. گوتیشی: پەیوەندییەکی زۆر تایبەتم لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن سەرۆکی کۆریای باکوور دروستکردووە و داوای لێ ده‌كه‌م سەردانی کۆشکی سپی بکات.

سەرۆکی کۆریای باکووریش گوتی: سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات و جیهان گۆڕانکاری زۆر گەورە دەبینێت.

s.m