له‌نێوان ئه‌نقه‌ره و ئه‌سینا چی ڕووده‌دات؟
ئاڵۆزییه‌كانی نێوان یۆنان و توركیا ته‌شه‌نه ده‌كات. توركیا ئاماده نییه ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ی یۆنان ئازاد بكات كه به‌بارمته گرتوونی.
ئاڵۆزییه‌كانی نێوان یۆنان و توركیا ته‌شه‌نه ده‌كات. توركیا ئاماده نییه ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ی یۆنان ئازاد بكات كه به‌بارمته گرتوونی.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ئاڵۆزییه‌كانی نێوان توركیا و یۆنان زیاتر ته‌شه‌نه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش له دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ٢ سه‌ربازی یۆنان له لایه‌ن توركیا له سنووره‌كانی نێوان ئه‌و دوو وه‌ڵاته.
«نیسانێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ توركیا»
ڕۆژنامه‌ی Ta Neasی چه‌په‌كانی یۆنان له كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ژێر ناونیشانی «نیسانێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ توركیا» سه‌رنجی خستۆته سه‌ر ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی یۆنان و توركیا. ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه توركیا به‌قه‌ستی ده‌یه‌وێت ڕووداوێكی كاریگه‌ری وه‌ها دروست بكات.
كێشه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وه‌ڵاته تازه نین. هه‌ندێك له‌و كێشانه ده‌یان ساڵه به‌رده‌وام دێنه ئاراوه و ده‌بنه هۆكاری ئاڵۆزییه‌كان. یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م ئاڵۆزییه بابه‌تی قوبرسه. نیوه‌ی قوبرس ده‌یان ساڵه له‌ژێر داگیركاریی توركیادایه. له ده‌وروبه‌ری دوڕگه‌كه له‌م ماوانه‌ی دواییدا كاركردن بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت و گاز زیاتر بووه. به‌ر له دوو مانگ توركیا نه‌یهێشت كه‌شتییه‌كی گرووپی وزه‌ی ئیتاڵیا به ناوچه‌كه‌دا تێپه‌رێت.
توركیا ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا جارێكی دیكه بابه‌تی خاوه‌نداریی زناره‌كانی دوڕگه‌ی كارداك-ی كرده ڕۆژه‌ڤ. قه‌یرانی كارداك ساڵی ١٩٩٦ توركیا و یۆنانی ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕ كرده‌وه. له‌و ماوانه‌ی دواییدا زۆر جار ئاڵۆزیی سه‌ربازی له سنووره‌كانیان دروست بوو.
به‌ر له دوو مانگ توركیا ٢ سه‌ربازی یۆنانی به بیانووی ئه‌وه‌ی سنووریان به‌زاندووه به‌بارمته گرتن. توركیا هه‌رچه‌نده به‌زاندنی سنوور ده‌كاته بیانوو، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ئازادكردنیان داوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ٨ سه‌ربازی توركیا له یۆنان ده‌كات كه له كاتی كوده‌تای ساڵی ٢٠١٦ی توركیا هه‌ڵاتبوون و په‌نایان بۆ یۆنان بردبوو.
یۆنان ئاماده نییه ئه‌و سه‌ربازانه ڕاده‌ستی توركیا بكاته‌وه و ناڕازیبوونی خۆی پیشان ده‌دات له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی سه‌ربازه هه‌ڵاتووه‌كانی توركیا و ٢ سه‌ربازه یۆنانییه‌كه به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێنه‌وه.
«ژیانی مرۆڤ ئامرازی هه‌ڕه‌شه‌كردن نییه»
ئه‌لێكسیس سیپراس، سه‌رۆكوه‌زیری یۆنان به ڕۆژنامه‌ی Ducumentoی ڕاگه‌یاند، ژیانی مرۆڤ و ئازادیی مرۆڤ ئامرازی هه‌ڕه‌شه‌كردن نییه و نابێ بۆ یاری ده‌سه‌ڵاتداره‌تی به‌كاربهێنرێت. سیپراس ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێشتر كه سه‌ربازانی توركیا چه‌ند مه‌ترێك ده‌ربازی خاكی یۆنان بووبوون، ئێمه ئازادمان كردن. هیواخوازی هه‌مان هه‌ڵوێستین له سه‌رۆك كۆماری توركیا.
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان گیۆرگۆس كاتروگالۆس به یۆرۆنیووزی ڕاگه‌یاند، له زیادبوونی ئاڵۆزییه‌كانی ئیجه به‌گومانن و به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا به‌رپرسیاره له زیادبوونی ئاڵۆزییه‌كان، له‌وانه‌یه ڕووداوێك به‌دوای خۆیدا بێنێت.
ناوبراو وتی: به بۆچوونی من توركیا به قه‌ستی وا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوێك دروست بكات، توركیا ده‌زانێت كه ناتوانێت له ئیجه به شه‌ڕ سه‌ركه‌وتوو بێت.
یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئیدانه‌ی توركیا ده‌كات
یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به ٢٨ وه‌ڵاتی ئه‌ندامییه‌وه، ٢٤ی مارس\٤ی خاكه‌لێوه كۆبوویه‌وه و سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی توركیا ڕایگه‌یاند: چالاكییه ناقانوونییه‌كانی توركیا له ده‌ریای سپی قبووڵ ناكرێن. یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌بیری هێنایه‌وه كه ده‌بێ توركیا ڕێز له بنه‌ماكانی حقووقی نێونه‌ته‌وه‌یی و دراوسێیه‌تی بگرێت. داوای له توركیا كرد په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری قوبرس و وه‌ڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا باش بكات.
په‌یوه‌ندیی قه‌یرانه‌كه به عه‌فرینه‌وه چییه؟
پانۆس كامێنۆس وه‌زیری به‌رگریی یۆنان به ڕۆژنامه‌ی Liberationی فه‌ڕه‌نسای ڕاگه‌یاندبوو، توركیا فشارێكی گه‌وره ده‌خاته سه‌ر یۆنان. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، توركیا له ماوه‌ی ساڵێكدا پێشێلكارییه‌كانی له سنووری ئاوی به ڕێژه‌ی ٤٥% و له سنووری ئاسمانی به ڕێژه‌ی ٤٨% زیاد كردووه.
وه‌زیری به‌رگریی یۆنان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو، كاتێك پێشێلی سنووری ئاسمانی بكرێت، یۆنان فڕۆكه‌كانی خۆی ده‌باته ته‌نیشت ئه‌و فڕۆكانه‌ی توركیا كه پێشێلی خاكی ئێمه ده‌كه‌ن. ناوبراو ده‌ستنیشانی كردبوو كه نه‌ك هه‌ر بۆ یۆنان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌ورووپا پێویسته خاكی خۆمان بپارێزین.
پانۆس كامێنۆس ڕاشیگه‌یاندبوو، به‌هۆی بارودۆخی سووریا و شه‌ڕی دژ به كوردان، توركیا له عه‌فرین كێشه‌ی زۆری بۆ دروست بووه و ده‌یه‌وێت توڕه‌یه‌یی خۆی به یۆنان بڕێژێت. ناوبراو وتی: توركیا ده‌یه‌وێت وه‌ك سووریا و عێراق له قوبرس و ده‌ریای ئیجه مامه‌ڵه بكات، به‌ڵام قوبرس و یۆنان وه‌ڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین نین.
له ڕۆژنامه‌كاندا ڕه‌خنه‌ی توند ده‌گیرێت
له ڕۆژنامه‌كانی یۆنان‌دا ڕه‌خنه‌ی توند له هه‌ڵوێستی توركیا ده‌گیرێت. هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌كانی چه‌په‌كان، باڵی پارێزگارانیش له دژی توركیا ڕه‌خنه‌ی توند ده‌گرن. ڕۆژنامه‌ی پارێزگاران Kathimerini نووسیویه‌تی، پێویسته یۆنان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی به‌لكان-ی دراوسێ باشتر بكات، چونكه له‌وانه‌یه له هه‌رێمه‌كه نائارامی دروست بێت.
به‌شێك له ڕۆژنامه چه‌پ و لیبڕاڵه‌كانی یۆنان ڕه‌خنه له هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی یۆنان ده‌گرن، به‌هۆی لێدوانه‌كانی وه‌زیری به‌رگریی كه به زمانێكی «شه‌ڕكه‌ر» قسه‌ی كردووه.
ڕۆژنامه‌ی The Parthenonی چه‌په‌كان وته‌یه‌كی وه‌زیری به‌رگریی یۆنانی به‌نموونه هێناوه‌ته‌وه كه ڕایگه‌یاندبوو: «ئه‌ردۆغان به‌ته‌واوی شێت بووه، مرۆڤ وه‌ڵامی شێت ناداته‌وه.»
سه‌رۆك وه‌زیری یۆنان له لێدوانێكدا داوای كرد كۆتایی به شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن و لێدوانی دژ به یه‌ك بهێنرێت.
s.m