لە ئەسینا شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان نەژادپەرست و هێزە ئەمنیەکاندا دروست بوو

لە یونان لەگەڵ ئەوەی کە هەموو جۆرە کۆبوونەوە و چالاکیەک قەدەغەکراوە، بەڵام گروپە ڕادیکاڵە ڕاستڕەوەکان کۆبوونەوە و بەو هۆیەشەوە لەنێوان پۆلیس و نەژادپەرستەکاندا ئاڵۆزی دروست بوو.

لە ئەسینای پایتەختی یونان نزیکەی حەفتا کەسی ئەندامی بەربانگی زێرینی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵ هەوڵیاندا یادی هەینی پیرۆزی مەسیحیەکانی ئۆرتۆدۆکس بکەنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ەوە چالاکیەکان قەدەغەکراون، هێزەکانی پۆلیس دەستوەردانیان کرد.

ئەندامانی گروپە نەژادپەرستەکان کە دەیانویست بە داگیرساندنی مۆم لە کلێسە مەراسیمی ئایینی بەڕێوەببەن، بە گولەی ئاگرین هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنیەکان و لە ئەنجامدا هێزە ئەمنیەکان نزیکەی ١٨ کەسیان دەستگیرکرد.

بۆ ئەوەی خەڵکی یونان مەراسیمی جەماوەری بە بۆنەی جەژنی پاسکالا ئەنجام نەدەن و کۆنەبنەوە، حکومەتی یونان هەموو چالاکی و ڕێرەسمێکی قەدەغە کردبوو. هەروەها بۆ ئەوەی لە ماڵەوە، باخ و باڵەکۆنەکان خەڵک کۆنەبێتەوە، هێزە ئەمنیەکان دەستیان بە دەوریە کردبوو.

لە یونان تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ١٠٨ کەس گیانیان لە دەستداوە. لە ئێستادا قەدەغەی هاتوچۆ لە یونان ڕاگەیەنراوە و هەر کەسێک بێ هۆکار بچێتە دەرەوە ١٥٠ یۆرۆ سزا دەدرێت و ئەوانەی بێ هۆکار دەچنە دەرەوەی شارەکانیش ٣٠٠ یۆرۆ سزا دەدرێن.

ف.ق