لە ئەمریکا سزاى ٣٦٦ رۆژ زیندانی بۆ ٢ لایەنگرى ئەردۆغان بڕایەوە

لە دۆسیەى هێرشى پاسەوانەکانى ئەردۆغان بۆ سەر خۆپیشاندانى ئاشتییانەی مانگى ئایار / گوڵانی ٢٠١٧ لە شارى واشنتۆنى پایتەختى ئەمریکا، سزاى ساڵێک و ١ رۆژ زیندانیکردن بۆ ٢ لایەنگرى ئەردۆغان بڕایەوە.

لە دۆسیەى هێرشى پاسەوانەکانى ئەردۆغان بۆ سەر خۆپیشاندانى ئاشتییانەی مانگى ئایار / گوڵانی ٢٠١٧ لە شارى واشنتۆنى پایتەختى ئەمریکا، سزاى ساڵێک و ١ رۆژ زیندانیکردن بۆ ٢ لایەنگرى ئەردۆغان بڕایەوە.

هێرشبەران سینان نارین و ئەیوب یڵدرم لەلایەن دادگاوە بەوە تاوانبارکران، کە هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و خۆپیشاندەرانیان بریندارکردووە  و ئەوانیش لە بەردەم دادگادا تاوانەکەیان قبوڵکرد.

دادوەر ماریاس میمۆ بۆ ئەو تاوانە بڕیاری ٣٦٦ رۆژ زیندانیکردنى بۆ ئەو ٢ لایەنگرەى ئەردۆغان دەرکرد. ئەو ٢ کەسە لە کاتى هێرشەکەیان بۆ سەر خۆپیشاندەران دەستگیرکراون و لە زینداندان و ئەو ماوەیەش بە زیندانیکردن بۆیان ئەژمار دەکرێت بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەى داهاتودا لە زیندان بەر بدرێن.

لەو دۆسییەدا تەنها ٢ کەس سزا دراون. تاوانبارەکانى تر پاسەوانەکانى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بوون. لێکۆڵینەوەش لە ١١ پارێزەرى ئەردۆغان بە تاوانى هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بە شێوەکى نهێنى بەڕێوەچووە و کۆتایى پێهاتووە. هۆکارى نهێنى بوونى لێکۆڵینەوە لە پاسەوانەکانى ئەردۆغان بۆ هۆکارى دیپلۆماتیک گەڕێندراوەتەوە. سەربارى ئەوەش لە دۆسیەکەدا وێنە و ڤیدیۆى تاوانەکەیان و وتەى شایەتحاڵەکان خراونەتەڕوو.

بە گشتى لەو دۆسیەیەدا لیکۆڵینەوە لەگەڵ ١٩ کەس کراوە، کە ١٥ کەسیان پاسەوانى ئەردۆغان بوون.

رۆژی ١٦ى ئایاری ٢٠١٧ / ٢٦ى گوڵان و لە کاتى سەردانى ئەردۆغان بۆ ئەمریکا، خۆپیشاندانێک لە دژى ئەردۆغان بەڕێوەچووبوو، بەڵام ئەردۆغان فەرمانى بە پاسەوانەکانى کردبوو، کە هێرش بکەنە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردانەى کە خۆپیشاندانى ئاشتییانەیان بەڕێوەدەبرد. لە وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکاندا ئەوە بە ڕوونى دیارە، کە ئەردۆغان قسە لەگەڵ پاسەوانەکانى دەکات و دواى ئەوە پاسەوانەکانى هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران و چەندین خۆپیشاندەریان بریندارکرد.

ر.م