لە ئەنجامی تەقینەوەکەی مۆگادیشۆ زیاتر لە ٩٠ کەس کوژراون –نوێ کرایەوە-

لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراودا لە مۆگادیۆشی پایتەختی سومال، زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. بەپێ زانیارییەکان زۆربەی قوربانییەکان خوێندکارن.

ئەم بەیانییە لە مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ خاڵێکی ئەمنی بە ئامانج گیرا و ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقێنرایەوە. بە پێ زانیارییەکان لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١٧ کەسیان پۆلیسن.

هەروەها راگەیاندنەکان ئاشکرای دەکەن کە زۆربەی قوربانییان خوێندکارن.

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کە زانیارییەکان بە تەواوەتی بڵاو ناکاتەوە و دەیشارێتەوە، رایگەیاندووە ژمارەی کوژراوان ٩٠ کەسی تێپەڕاندووە. ئەندام پەرلەمانێکی سۆماڵیش لە سەر پێگەی تویتەری خۆی ئاشکرای کردووە کە ژمارەی کوژراوان ٩٠ کەسە.

شۆفێرێکی ئامبوڵانسی گواستنەوەی تەرمی قوربانییەکانیش دەڵیت جگە لە کوژراوەکان، بە دەیان برینداریش هەیە.  

ئەم هێرشە یەکێکە لە خوێناویترین هێرشەکانی مێژووی ئەو وڵاتە. ساڵی ٢٠١٧-ش لە مۆگادیشای پایتەخت، هێرشێکی خوێناوی ئەنجام درابوو، بەو هۆیەوە ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەست دابوو.

تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەپرسیارێتی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی نەگرتووەتە ئەستۆی خۆی.

ز.ش